حکومەتی هەرێم بەشداری دەکات لە گفتوگۆکانی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە رێککەوتننامەی پاراستنی مافی کەم ئەندامان
لەم بارەوە د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بەشداری کردنی هەرێم لە چوارچێوی لیژنەی نوسینەوەی راپۆرتەکانی تایبەت بەو رێککەوتننامە و پەیماننامانەی پەیوەستن بە مافی مرۆڤ لە وەزارەتی دادی حکومەتی فیدراڵە بە مەبەستی خستنەڕووی پابەندبوونەکانی هەرێمی کوردستانە لەو رێککەوتننامانە. حکومەتی هەرێم هەوڵ دەدات لە گفتوگۆکانی خولی بیست و دووەمی لیژنەی تایبەت بە مافەکانی کەم ئەندامان (CRPD) گشت ئەو ئەو یاسا و رێنمایی و هەنگاوە کرداریانە بخاتە روو کە لە بواری پاراستن و خزمەتکردنی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و کەم ئەندامان لە هەرێمی کوردستان کاریان پێدەکرێت.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بارەی پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بەو راسپاردانەی سەبارەت بە هەرێمی کوردستان لە لیژنەی رێککەوتننامەی پاراستنی مافی کەم ئەندامان و ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ ئاماژەیان پێکراوە وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی مافی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و کەم ئەندامان هەنگاوی زۆری ناوە کە بەشێکیان لە ئاست خواستی حکومەت نین ئەمەش بە هۆی ئەو تەحەدیات و ئاستەنگانەی کە رووبەرووی هەرێم بوونەوە لە دوای شەڕی داعش و قەیرانی ئابوورییەوە و هاتنی زیاتر لە ملیۆن ئاوارە و پەنابەر بۆ هەرێم. بەڵام حکومەتی هەرێم هەوڵیداوە بەپێی ئیمکانیاتی بەردەست داخوازییەکانیان بۆ فەراهەم بکات. گرنگترین ئەو هەنگاوانەش بریتی بوو لە یاسای ژمارە (22ی ساڵی2011) یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەم ئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت و ئەو رێنماییانە دواتر دەرچوون لە بوارەکانی (تەندروستی، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، کار، پیشەیی، رۆشنبیری و وەرزشی).
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی ئەوەشی خستە روو کە لە هەرێمی کوردستان (95،916) کەم ئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت هەن لەوانە (54،142) نێرینە و (41،774) مێینەن کە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمار کراون. شایەنی باسە نوێنەری حکومەتی هەرێم ئەندامە لە لیژنەی نیشتمانیی نووسینەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە وەزارەتی داد کە تایبەتە بە وەڵامدانەوەی ئەو راسپاردە و پرسیارانەی لە لایەن ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ ئاراستەی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێن. لە میانەی کۆبوونەوە و گفتوگۆکاندا پابەندبوونەکانی هەرێم و ئەو یاسا و رێنمایی و هەنگاوە کرداریانە دەخاتە روو کە حکومەتی هەرێمی ئەنجامیداون لە میانەی ئەو پابەندبوونە.
