وەزیری گواستنەوە و گەیاندن: بەدواداچوون بۆ خاوی هێڵەکانی ئینتەرنێت دەکەین
ئانۆ جەوهەر عەبدۆکا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن راگەیاند: "ماوەی دوو رۆژە تێبینی و گلەیی هاووڵاتیانمان پێدەگات سەبارەت بە خاوی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستاندا. بۆ ئەو مەبەستەش لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەین".
ئانۆ جەوهەر گوتی: داوا لە هاووڵاتیان دەکەین ناوی کۆمپانیا، جۆری ئامێر و ئەو هێڵەی ئینتەرنێتی لێوەردەگرن، شوێنی جوگرافی و کاتی خاویی هێڵی ئینتەرنێت دەستنیشان بکەن و بۆمانی بنێرن، تاوەکو لە رێگەی بەشی یاسایی بەدواداچوون بۆ گرێبەستی کۆمپانیاکان بکەین.
وەزیری گواستنەوە وگەیاندن پێیوایە: ئەگەر دەرکەوت ئەو خزمەتگوزارییەی کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت پێشکەشی هاوبەشەکانی دەکەن کەمترە لەوەی لە گرێبەستەکەدا هاتووە، ئەوا رێوشوێنی پێویستیان بەرامبەر دەگرینەبەر و سزادەدرێن.
وەزیری گواستنەوەی گەیاندن داواکارە هاونیشتمانیان له رێگهی sms یان WhatsApp یان Viber لهبارهی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت بە ژمارە مۆبایلی 07504761663 پەیوەندی بکەن.
لە هەرێمی کوردستاندا بەشێوەیەکی سەرەکی سێ کۆمپانیا خزمەتگوزاری ئینتەرنێت دابیندەکەن و پاشان لە رێگەی بریکار و کۆمپانیا جیاوازەکانەوە دەگاتە هاووڵاتیان.
