خالید شوانی: لە کەرکووک کورد و تورکمان رابردوو و داهاتوویان یەکە

خالید شوانی: لە کەرکووک کورد و تورکمان رابردوو و داهاتوویان یەکە
شاندنی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێکهاتەی تورکمانی کەرکووک کۆبوونەوە و ئەندامێکی شاندەکەش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە کەرکووک کورد و تورکمان رابردوو و داهاتوویان یەکە.

خالید شوانی، وەزیری هەرێمی کوردستان و ئەندامی شاندنی دانووساندکاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێکهاتەکانی کەرکووک، رایگەیاند "لەگەڵ هەریەک لە بەرەی تورکمانی و لیستی تورکمانی کۆبووینەوە. سەبارەت بە باروودۆخی ئەمنی و سەربازی و کێشەی زەوی و شێوازی چارەسەرکردنی کێشەکان گفتوگۆمان کرد".

وەزیری هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند "جەختمان لەوەکردەوە گفتوگۆ و دانووساندنەکانمان بەردەوامبێت. بەدوای باشترین چارەسەردا بگەڕێین بۆئەوەی سەرجەم ئەو جومگانەی دەسەڵاتەکان بگەین بە شێوەیەکی لەیەکتر تێگەیشتن و تەوافق لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکووک بە تایبەتی، کورد و تورکماندا هەبێت، کە رابردوومان زۆر هاوبەشە و داهاتووشمان بەیەکەوەیە".

لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە دۆخی کەرکووک بەشێوەیەک گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە، زۆر بابەت بوونەتە گرێکوێرە و کێشەکان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە. لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا کەرکووک بێ پارێزگارە.

ئەنجوومەنی پارێزگای شارەکەش بەهۆی ململانێی لایەن و پێکهاتەکانەوە نەیتوانیوە کۆبێتەوە و چارەسەری بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە.

هەرچەندە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرەی تورکمانی، ئاماژەیان بە ناوەڕۆک و بەندی هیچ رێککەوتنێکی نێوانیان نەدا، بەڵام لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەدوای کۆبوونەوەکە رایانگەیاند، سەرجەم کێشەکانی کەرکووک چارەسەردەکەن.
Top