لە سنووری پارێزگای دهۆک چەکدارانی پەکەکە گەنجێک دەڕفێنن

لە سنووری پارێزگای دهۆک چەکدارانی پەکەکە گەنجێک دەڕفێنن
گەنجێکی خەڵکی کۆمەڵگای سیریێی سەر بە شارەدێی شیلادزێ لە سنووری شارۆچکەی ئامێری لە پارێزگای دهۆک لەلایەن چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)وە دوو ڕۆژ پێش ئێستا ڕفێندراوە و تاوەکو ئێستا بێ سەروشێونە.

گەنجەکە ناوی "شکیب عەلی رەزگەی"ەو ڕۆژی (٢-٩-٢٠١٩) لە سنووری شارۆچکەی شیلادزێ لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە ڕفێندراوە، لە مبارەیەوە شوکری عەلی، برای گەنجە ڕفێندراوەکە ڕاگەیاند: "دوو ڕۆژ پێش ئێستا براکەم کاتێک سەردانی ناوچەی گەلی باڵندەی لە سنووری شیلادزێ کردووە لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە بە گوللە بریندار کراوە و دواتریش ڕفاندوویانە".

گوتیشی: "براکەم هیچ تاوان و هەڵەیەکی نەکردووە نە بەرامبەر پەکەکە نە هیچ لایەنێکی دیکە و دوو ڕۆژە بە برینداری لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە دەستبەسەر کراوە و کەسوکارمان سەردانی پەکەکەیان کردووە بەڵام براکەمیان ئازاد نەکردووە".

ناوبراو داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە هەوڵی خۆیان بۆ ئازادکردنی براکەی بخەنەگەڕ و بەسەلامەتی بگەرێتەوە.

سەبارەت بە بابەتەکە رائید عەشقی محەمەد، بەرێوەبەری پۆلیسی شارەدێی شیلادزێ لە لێدوانێکیدا هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی: "ئێمە ئاگاداری رووداوەکەین کە گەنجێکی شیلادزێ لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە بریندار کراوە و دواتر ڕفێندراوە بەڵام لەلایەن کەسوکارەکەیەوە بە فەرمی ئێمە ئاگادار نەکراوینەتەوە".

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە بەهۆی ئەوەی هیچ سکاڵایەک لەلایەن خانەوادە و کەسوکارەی گەنجەکەوە لە پۆلیسی سنوورەکە تۆمار نەکراوە تاوەکو ئێستا پۆلیس هیچ بەدواداچوونێکی بۆ بابەتەکە نەکردووە.
Top