"فڕاکسیۆنی پارتی بەدواداچوون بۆ مامەڵەی دۆلاری کۆن دەکات"

دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا بەشێک لە کۆمپانیا و شوێنەکانی مامەڵەی دراو دۆلاریان کۆنیان بە نرخێکی زۆر ھەرزانتر لە ھاوڵاتیان وەرگرت، فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بەدواداچوونی دەستپێکرد و ئیدارەی ھەولێر رێکاری یاسایی بەرامبەر ھەرکەسێک دەگرێتەبەر ئەگەر مامەڵە بە دۆلاری کۆنەوە نەکات.

کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر راگەیاند" ماوەی چەند رۆژێکە ژمارەیەکی زۆری ھاوڵاتیانی شاری ھەولێر سکاڵای خۆیان گەیاندووتە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر لەبارەی ھەندێ شوێن و کۆمپانیای ئالۆگۆڕی دراو گوایە ئەو شوێنانە دۆلاری کۆن وەرناگرن و بە نرخێکی ھەرزانتر لە بازاڕ مامەلەی پێوە دەکەن، دوای بەدواداچوونی ئێمە دەرکەوت ئەو دیاردەیە سەریھەڵداوە لە ھەولێر و دەست بە رێکاری یاسایی کرا.

سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دەشڵێت" ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بەفەرمیی داوای لایەنە پەیوەندیدار و قایمقامی ناوەندی ھەولێرکردوە دەست بە لێپرسینەوە بکەن لەگەڵ ئەوکەس و شوێنانەی کار بە دۆلاری کۆن ناکەن و ھەرکەسێکیش مامەڵە بە دۆلاری کۆنەوە نەکات رێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەریان دەگیرێتەبەر و سزایی یاسایی دەدرێن.

کەنعان خەیلانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد" راستە دۆلاری نوێ کەوتووتە بازاڕ، بەڵام ھیچ بڕیارێک نییە بۆ وەرنەگرتنی دۆلاری کۆن و تا بەفەرمیی بڕیارێک لە حکوومەتی عێراق یان ھەرێم دەرنەچێت بە ئاسایی مامەلەی پێوەدەکرێت، لێرەوە داواش لە وەزارەتی دارایی ھەرێم و فیدڕاڵ دەکەین لەگەل بانکی ناوەندی دانوستان بکەن لەسەر یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە و، ھاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە ئەو دەنگویانەی لەبازاڕ بڵاو بوونەتەوە ھیچ بنەمای راستی تێدانیە و، دۆلاری کۆن وەک خۆی بە نرخی رۆژ لە بانکەکان مامەڵەی پێوە دەکرێت.
Top