ئاسایشی سلێمانی حەوت کەس بە تۆمەتی کوشتنی گەنجێک دەستگیردەکات

ئاسایشی سلێمانی حەوت کەس بە تۆمەتی کوشتنی گەنجێک دەستگیردەکات
شەوی رابردوو گەنجێک لەنێوان گەڕەکی حاجی ئاوا و زێڕینۆک لە شاری سلێمانی بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا، ئاسایشی سلێمانیش حەوت کەس بەتۆمەتی کوشتنی دەستگیردەکات کە بەشێکیان هەوڵی هەڵهاتنیان بۆ هەولێر داوە.

دوای کاژێر و نیوێک لە رووداوەکە ئاسایش یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیردەکات، دواتریش لە بازگەی سماقوڵی تۆمەتباری سەرەکی و سێ تۆمەتباری دیکە دەستگیردەکات.

بەگوتەی یەکێک لە تۆمەتبارەکان، (سەریاڵ محەممەد قادر) کە تەمەنی 23 ساڵە و پیشەی کاسبە، لەگەڵ کەسێک بەناوی (رەمەزان محەممەد صالح) کێشەیان هەبووە، لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە پلانیان دارشتووە بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەیان لێکردووە، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە (رەمەزان) گیانی لەدەستداوە.

بەپێی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی سلێمانی: تۆمەتبارەکان پێنج ئۆتۆمبێل و سێ چەکیان پێگیراوە کە لە تاوانەکەدا بەکاریان هێناوە.

ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، تۆمەتبارانی رووداوەکە حەوت کەسن و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون، سەرجەمیان دانیان بە تاوانەکانیان ناوە و رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.
Top