ئەنجومەنی وەزیران: پێشخستنی بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا لە کارە پێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی راپۆرتێکی بەرفراوانیان لەبارەی کێشە و گرفت و پێداویستییەکانی وەرزی خوێندنی 2019-2020 پێشکەش کرد.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە کرد کە گرنگیدان و پێشخستنی بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا، لە کارە لە پێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و پێویستە کار لە سەر ئەوە بکرێت کە ئاستی قوتابخانە و زانکۆکانی کەرتی گشتی بەرز بکرێتەوە بە شێوەیەک کە جیاوازی ئاستی نێوان قوتابخانە و زانکۆ حکوومی و تایبەتەکان کەم بکرێتەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا لیژنەیەک لە وەزیرانی پەروەردە، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دارایی و پلاندانان پێک بهێنرێت بۆ دەستنیشانکردنی پێداویستییە گرنگەکانی وەرزی ئێستای خوێندن بۆ ئەوەی بە زووترین کات دابین بکرێن.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەروەها وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە پێش هاتنی وەرزی زستان نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دابەش بکرێت کە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست پێ بکرێت، هەروەها پێش دەستپێکردنی بارانبارین بەرنامەیەکیش دابنرێت بۆ چارەسەرکردنی کەموکورتیی رێگەوبانەکان.
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها گفتوگۆی لەبارەی چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە وەزارەتی دارایی کرد وەک بەرگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و رێکخستنەوەی کاری ژمێریاریی یاسایی.
باسنيوز
