بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان داوای کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی پارتی و یەكێتی و گۆڕان دەکرێت
عارف ڕوشدی، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی، لەمبارەوە ڕاگەیاند: "پارتی هەمیشە خوازیاری ئەوەیە لە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان هەڵوێستی كوردانە وەربگیرێت و بە هیچ شێوەیەك كەلێن لە هەڵوێست وەرگرتندا دروست نەبێت".
هەفتەی ڕابردوو پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر بابەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگان كۆ بوونەوە، عارف ڕوشدی گوتی: "لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە دەبێ بەرامبەر هەڵبژاردنەكانی سنووری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئەو یاسایەش كە لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە، یەك هەڵوێستمان هەبێت، چونكە یاساكە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و زۆربەی لایەنە سیاسییەكانیشدا نییە".
ئەو ڕاوێژکارەی پارتیئەوەشی خستە ڕوو: "لەگەڵ گۆڕاندا یەك هەڵوێستین و گفتوگۆ لە نێوانماندا هەیە و لە هەوڵداین لە داهاتوویەكی نزیكدا لەگەڵ برادەرانی یەكێتیی نیشتمانی لەسەر هەمان بابەت كۆ ببینەوە، چاوەڕوانین كاتێكیان هەبێ بۆ ئەوەی كۆ ببینەوە
عارف ڕوشدی جەخت دەكاتەوە "ئێمە پێمان باشە تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاکان كۆبوونەوەیەكی سێ قۆڵی لە نێوان پارتی، یەكێتی و گۆڕاندا ئەنجام بدرێت، دواتر لەگەڵ حزبەكانی دیكەش لەسەر هەمان پرس كۆبوونەوە بكەین، چونكە بابەتەكە بەتەنیا پەیوەندیی بەو سێ حزبەوە نییە، بەڵكوو بابەتی گەلی كوردستان و سەرجەم هێزە سیاسییەكانە".
ڕوونیشی كردەوە: "ئەو كەسانەی بەرپرسن لە كاروباری یاسایی دەست بەكار بۆ ئەوەی لە دادگای فیدراڵی بەرامبەر ئەو یاسایە سکاڵا تۆمار بكەن، لەلایەكی دیكەش دەبێت لایەنە كوردستانییەكان یەك هەڵوێستیان هەبێت بۆ بەشداربوون یان بەشدارنەبوون لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان".
هاوکات لەبارەی پرسی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان کە هەندێ مادەی دژی مافی دەنگدانی ئاوارەکانی ناوچە کوردستانییەکان، ئەمڕۆ لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، پارێزەرێکی ڕاسپاردووە کەلە دادگای فیدراڵی لە بەغدا دیژی ئەو یاسایە سکاڵا تۆمار بکات.
باسنيوز
