شێروان زرار، گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن : پرۆژەیەك بۆ گۆڕانكاری لە هەڵبژاردنەكان دەدەینە پەرلەمانی کوردستان

شێروان زرار، گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن : پرۆژەیەك بۆ گۆڕانكاری لە هەڵبژاردنەكان دەدەینە پەرلەمانی کوردستان


گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، پرۆژەیەك بۆ گۆڕانكاری لە چۆنیەتیی هەڵبژاردنەكان و میكانیزمەكانی ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان دەكەین.



شێروان زرار، گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند: دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، پێداچونەوەیەكمان بە كارەكانی كۆمیسیۆن و كەموكوڕییەكانی كرد، بۆچوونی پارتە سیاسییەكان، یۆنامی، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و فەرمانبەرانی خۆمان وەرگرت، بۆ دانانی پرۆژەیەك تا گۆڕانكاری لە شێوازی هەڵبژاردنەكان بكرێت".



گوتەبێژەكەی كۆمیسیۆن گوتیشی: "پرۆژەكەمان ئاراستەی ئەنجومەنی كۆمیسیاران كردووە، ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو دانیشتنی لەسەر دەكەن، نازانم ئاخۆ بە ڕۆژێك، یان مانگێك پەسەند دەكرێت، بەڵام دواتر ئاراستەی پەرلەمانی كوردستانی دەكەین".



ڕوونیشی كردەوە: "لێژنەیەك بۆ تۆماری دەنگدەران دروست كراوە، بۆ ئەوەی شێوازی تۆمارەكە بۆ چوار ساڵی داهاتوو دیاری بكات بە چ شێوەیەك بێت، ئاخۆ كار بە كارتی نیشتمانی، یان میكانیزمی عێراق، یان بایۆمەتری هەرێم بكەین".



هاوكات لێژنەیەكی یاسایی دیکەش پێکهێنراوە کە کار لەسەر دیاریكردنی ئەو ڕێگرییە یاساییانە دەکات کە لە بەرەوپێشچوونی سیستەمی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستادا هاوکار نین، بۆ نموونە كاتی دیاریكراومان نییە كە بگوترێت لەو كاتەدا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، لەلایەكی دیكەوە دەمانەوێت شەش مانگ پێش هەڵبژاردن حكوومەت بوودجەمان بۆ دیاری بكات، تا دەست بە ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردن بكەین، نەك دوو مانگ بە پەلەپەل ئامادەكاری بكەین و تووشی ئیحراجی ببین".



شێروان زرار، جەختیشی كردەوە: "پرۆژەكە ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، لێژنەی یاسایی و سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكەین، هەوڵ دەدەین بڕوایان پێ بێنین بڕیارێك لەسەر یاسای هەڵبژاردن بدەن، چونكە ئەو یاسایەی ئێستا هەیە حەوت جار هەموار كراوەتەوە و كۆنە، ئێمە دەمانەوێت یاسایەك بە میكانیزمی نوێ بۆ هەڵبژاردنەكان دابنرێت، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی چوار ساڵی داهاتوو جیاواز و بە جۆرێكی دیكە بێت".







باسنیوز
Top