پرۆژەپێشنیازی ئەنجومەنی نیشتمانیی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری گەڵاڵە دەکرێت

پرۆژەپێشنیازی ئەنجومەنی نیشتمانیی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری گەڵاڵە دەکرێت
چەند پسپۆڕ و ئەکادیمییەکی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان، ئامادەکاری بۆ گەڵاڵەکردنی "پرۆژەپێشنیازی ئەنجومەنی نیشتمانیی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری" دەکەن، بە ئامانجی لەبەرچاوگرتنی زیاتری بەرپرسیاریەتیی یاسایی و پیشەیی و بەرفراوانکردنی سنوورەکانی ئازادیی دەربڕین و ڕۆژنامەگەری.

دکتۆر شوان ئادەم ئەیڤەس، مامۆستای زانکۆ و سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی "چمک" کە یەکێکە لە ئەندامانی دەستەی ئامادەکاریی پرۆژەکە دووپاتی کردەوە کە ئامانج لە گەڵاڵەکردنی ئەو پرۆژەپێشنیازە و دامەزراندنی ئەنجومەنەکە، "ڕێکخستنی چوارچێوەی یاسایی و چاودێرییکردنی پیشەییی پەیامەکانی ڕاگەیاندن و کارکردنی پیشەی ڕۆژنامەگەرییە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی ئەم پیشەیە و بەھا نیشتمانییەکانی کوردستان".

ناوبراو لە لێدوانێکیدا ڕوونی کردەوە کە پڕۆژەپێشنیازی دامەزراندنی "ئەنجومەنی نیشتمانیی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری" ھێشتا لە قۆناغی سەرەتادایە و دوابەدوای سێ دانیشتنی یەک لەدوای یەک، ئێستا دەستەی ئامادەکاری پرۆژەپێشنیازەکە پێک ھێنراوە و کار لەسەر پێداچوونەوە و سوودوەگرتن لە پرۆژە ھاوشێوەکانی دیکە دەکەن، بە مەبەستی گەڵاڵەکردنی یەکەم ڕەشنووسی پرۆژەکە. لە قۆناغی دووەمیشدا دەخرێتە بەردەم ڕای گشتی و پاش وەرگرتنی سەرنج و تێبینییەکان، ھەموار دەکرێتەوە و ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، بۆ ئەوەی وەک یاسایەک پەسەندی بکات و بەدوایدا ھەنگاوەکانی دامەزراندنی ئەنجومەنەکە دەست پێ بکات."

ئەو مامۆستایەی زانکۆ، جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەستەی ئامادەکاری پرۆژەپێشنیازەکە بەو ئاراستەیەدا کار دەکەن کە ئەنجومەنەکە دوو ڕۆڵی سەرەکیی ھەبێت: یەکەم، ڕێکخستنەوەی یاساییی ئەو بوارانەی ڕاگەیاندنی کوردی کە ھێشتا چوارچێوەیەکی یاسایییان نییە و دەقی یاسایییان لەسەر نییە. بۆ نموونە، ڕێکخستنی ڕاگەیاندنی پەخشکراو و ئەلکترۆنی، ڕێکخستنی دیجیتاڵمیدیا و خراپبەکارنەھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پاراستنی مافی دانەر، پاراستنی مافی تایبەتمەندیەتی و دەستوەردانی بێپاساوی ڕاگەیاندن بۆ نێو ژیانی تایبەتی کەسەکان، ڕێکخستنی ڕیکلام و بازاڕسازی بۆ شمەکی بازرگانی و چەندین پرۆژەیاسای دیکە. دووەم، چاودێریکردنی ناوەڕۆکی ئەو پەیامانەی لە ڕاگەیاندنەکاندا پەخش و بڵاو دەکرێنەوە، بە ئامانجی ھۆشیارکردنەوەی خاوەن و بەرھەمھێنەرانی ڕاگەیاندن لە لادانی یاسایی و پیشەییی پەیامەکانیان.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، دکتۆر شوان ئادەم ئەیڤەس، وێڕای پێداگری لەسەر پێویستیی ھەبوونی جۆرە پرۆژەیەکی لەو شێوەیە بۆ ڕێکخستنی ناوەڕۆکی ڕاگەیاندنی کوردی، ترس و نیگەرانیی خۆیشی نەشاردەوە لەوەی دواتر ناوەڕۆکی پرۆژەکە ھاوشێوەی «ئەنجومەنی باڵای خانمان» و «کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان» بە لاڕێدا ببرێت و بەپێی پشکی حزبەکان، سەرۆک و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی «ئەنجومەنی نیشتمانیی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری»یش دابەش بکرێن و بکرێتە ئامرازێک بۆ زیاتر سنوردارکردنی ئازادییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەوانی. ھەروەک ناوبراو دووپاتی کردەوە، کە ئەم جۆرە ئەنجومەنانە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، لەپێناو دوو ئامانجی سەرەکییدا پێک دەهێنرێن. یەکەمیان، گەڵاڵەکردنی ڕستێک ڕێسای پیشەییە کە کۆی ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانەی دەبنە ئەندامی، پێوەی پابەند بن و بەھۆیەوە ببنە خاوەن گوتارێکی پیشەییی بەرپرسیار لە مامەڵەکردن لە پرسەکانی تیرۆریزم، ڕاسیزم، سێکسیزم، ھۆمۆفۆبیا، منداڵ، ژنان و دەستوەردانە نێو ژیانی تایبەتیی کەسەکان، بەتایبەت لە سەروەختی قەیران و ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردندا. ھاوکات چاودێریکردنی ناوەڕۆکی پەیامی ڕاگەیاندنەکان لە ڕووی پێشێلکردنی ڕێسا پیشەییەکان و ئەنجامدانی تاوانەکانی بڵاوکردنەوەوە. دووەم، بەرفراوانکردنی سنوورەکانی ئازادیی دەربڕین و ڕۆژنامەگەری و مافی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی زانیاری، بە شێوەیەکی چونیەک و یەکسان، "لە کاتی قەیرانەکان و ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا، بنەما یاسایییەکان و پێوەرە پیشەیییەکان زیاتر پێشێل دەکرێن، چونکە زۆرینەی ڕاگەیاندنەکانی ئێستا لە لایەن حزبەکانەوە ھاوکاری دەکرێن و حزبەکانیش لەو کاتانەدا بۆ بەرگریکردن لە خۆیان زۆر جار ڕاگەیاندن دەکەنە قوربانی و بەخراپی بەکاری دەھێنن.
Top