د. ناسح غەفوور: ھەڵبژاردن لە کەرکووک لە بەرژەوەندیی کورد نییە
دکتۆر ناسح غەفوور، شرۆڤەکاری سیاسی ڕاگەیاند: "سەرەڕای ھەبوونی دانوستان لە نێوان ھەرێم و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک، بەڵام لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە تا دێت ڕۆژ بە ڕۆژ ڕەوشی کەرکووک ئاڵۆزی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێ و ئەگەر چارەسەرێکی بەپەلەی بۆ نەکرێت ئەوە مەترسیی زیاتر بەڕێوەیە، بەتایبەتی پێویستە کورد ھاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتووەکان بێنە خەت بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان."
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە گوتی: "بڕیارە لە ساڵی ئایندە ھەڵبژاردن لە کەرکووک بەڕێوە بچێت، پێم وابێت بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن بەو ڕەوشە خراپەی کەرکووکەوە زیاتر زیانی بۆ کورد ھەیە، نەک قازانج، چونکە تەعریب بەردەوامە و دەسەڵاتی سەپێندراو ھیچ نەماوە بەرانبەر بە کوردستانیبوونی کەرکووک نەیکات، لەبەر ئەوە پێم وایە نە ھەڵبژاردن و نە سەرژمێریی گشتی لە بەرژەوەندیی کورددا نییە لە کەرکووک."
دکتۆر ناسح غەفوور ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "یەکێک لەو ھەنگاوانەی پێویستە کورد لەبەرچاوی بگرێت یەکخستنی نێوماڵی کوردە بەرانبەر بە کێشەی کەرکووک و کێشەکانی دیکەی بەرانبەر بە حکوومەتی فیدڕاڵ، بەتایبەتی پێویستە کورد بە یەک لیست بچێتە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ ئەوەی دەنگی کورد لە کەرکووک بەھەدەر نەچێت و ئەو زیانانەی ھەن، کەمتر ببنەوە."
