سەرۆكی شارەوانیی هەولێر: دوو پاركی گەورە لە رۆژهەڵاتی هەولێر دروست دەكرێن
سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی ئەوەی دابەش دووی زەوی لە ئیفرازاتی زەوی نییە، بۆیە كەرتی 8ی حەسارۆك و زۆر شوێنی تر دابەش دوویان وەستاوە، گوتی: "بۆ كەرتی هەشتی حەسارۆك، بە چەند قۆناخێك كارمان بۆ ئەو شوێنە کردووە و هەوڵیش دەدەین هەر لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانی بە چەند قۆناخێكی دیكە خزمەگوزارییان بۆ بکەین".
ئەوەشی خستە ڕوو، بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەكەكانی هەولێر و گەڕەكە تازەكان، لە پلانی چوار ساڵە جێگەی بۆ دەكرێتەوە، گوتی: "بۆ خزمەتگوزاری و پڕۆژەكان لە رێگەی ئەو پلانە چوار ساڵییەدا دەبێت، كە دواتر حكوومەت رەزامەندیی لەسەر دەدات، لەو پلانەدا رەچاوی هەموو خزمەتگوزارییەكی پێویست كراوە بۆ گەڕەكە كۆن و تازەكانیش، پلانەكە لە لایەن حكوومەت پەسند بكرێن ئێمە بە قۆناخ دست بە جێبەجێكرنیان دەكەین".
سەرۆكی شارەوانی دووپاتی كردەوە، ئەوەی ئێستا لەنێو سنووری شاری هەولێر كاری لەسەر دەكرێت، گەیاندنی خزمەتگوزارییە بۆ گەڕەكەكانی تۆپزاوە ئەحمەد و هەشتی حەسارۆك، لەگەڵ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەكی گەزنە و فەرمانبەران و مامزاوە و هەموو ئەو گەڕەكانەی پێویستیان بە خزمەتگوزارییە لە رێگاوبان و قێرتاوكردن.
سەبارەت بەو پڕۆژانەی ئێستا لەژێر دەستیانە، گوتی: "قیڕتاوكردنەوەی شەقامی 100 مەتری قۆناخێكی ماوە لە نەخۆشخانەی رزگاری بۆ بەنزینخانەی ئاكار، كە داهاتی خۆمان كۆكردەوە دەستی پێ دەكەین".
هاتە سەر پڕۆژەی شەقامی 120 مەتری و گوتی: "كاكردن لە 120 مەتری گەیشتووەتە قۆناخی سێیەم، كە لە رێگای كەركووك بۆ مووسڵە، بەپێی گرێبەست لە كۆتایی ئەمساڵدا پڕۆژەكە تەواو دەبێـت، واتا شەقامی خێرای بازنەیی 120 مەتریی بەتەواوی كۆتایی دێت".
سەبارەت بە شەقامی 150 مەتری ئەوەی راگەیاند، پڕۆژەكە بە سێ ساڵ تەواو دەكرێت و كۆمپانیاكە بە قەرز پڕۆژەكە تەواو دەکات و كارەكانیش بەخێرایی و بە رێكوپێكی دەچنە پێشەوە، گوتیشی: "ئەمساڵ شەقامەكە لە رێگای بەحركە بۆ رێگای شەقڵاوە تەواو دەبێت، قۆناغی یهكهمی ئهم پرۆژهیه 14 كیلۆمهتره و ههنگاوی كاركردن له پرۆژهكه زۆر بهخێرایی ههنگاو دهنێت و 40%ی تەواو بووە، كه له ئاستی ناوچهكهدا به یهكێك له شهقامه گرنگ و ستراتیژی و نێودهوڵهتییهكان دادهنرێت".
جەختیشی كردەوە، شەقامی بازنەیی 120 مەتری لە ماوەی سێ ساڵدا، بە رێگای خێرا و خزمەتگوزاری و چوارڕیانەكان و ئۆڤەرپاسەكان، تەواو دەبێت.
ئاشكراشی كرد، 70% گەڕەكەكانی هەولێر قیرتاو كراون و 30%یان ماون قیرتاو بكرێن، گوتیشی: "ئەو 30%یەی ماوە پێویستی بە بڕێكی باشی پارە هەیە، لە پلانی كاركردنی خۆمان داماناوە و بڕیار ئەوانیش قیرتاو بكرێن".
سەرۆكی شارەوانی لەمیانەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە دا، پێش قەیران ساڵانە 100 ملیۆن دۆلار بۆ خزمەتگوزارییەكانی سنووری شارەوانیی هەولێر خەرج دەكرا، گوتیشی: "ئێستا كە پشت بە خەرجكرنی داهاتی خۆمان دەبەستین، ساڵانە 10 ملیار دینار خەرج دەكەین، بەڵام ئەگەر بەپێی پێویست بودجەمان بۆ تەرخان بكرێت، ساڵانە پێویستمان بە زیاتر لە 100 ملیار دینار دەبێت، ئومێدی زۆرمان بە كابینەی تازە هەیە و بەپێی پلان، ساڵ بە ساڵ پارەمان بۆ تەرخان بكرێت".
ئەندازیار سامان محەمەد، پلانی دروستكردنی دوو پاركی گەورە ئاشكرا دەكات و دەڵێت: "لە پلانی خۆماندا پێشنیازی دروستكردنی دوو پاركی گەورەی هاوشێوەی پاركی شانەدەر لە رۆژهەڵاتی هەولێر كراوە، ئەو پاركانەش دیزاینیان بۆ كراوە و چاوەڕوانی بودجەین".
باسی لە پێشكەوتنی هەولێر كرد و گوتی: "بەپێی ئەو پلانەی دامناوە، هەولێر لە رووی خزمەتگوزارییەوە دەچێتە قۆناخێكی ترەوە، ئێستا لەنێو هەولێر زیاتر لە 70 گەڕەك هەیە، قەیران نەبوایە پڕۆژەی زیاتر و گەورەتر دەكرا".
پێی وایە، ئێستا زێدەڕۆییكردنە سەر زەویی شارەوانی نەماوە و كۆنتڕۆڵی ئەو بابەتە كراوە، گوتیشی: "لە رۆژانی جەژن لە هەندێك شوێن خانوو لەسەرموڵكی شارەوانی دروست كرابوون، تیمەكانمان وێڕای پشوو، زێدەڕۆییەكانیان تێكدا".
ئەوهاتە سەر بابەتی موساتەحە و دابینكردنی زەوی بۆ پڕۆژە و گوتی: "زەویی موساتەحە تاپۆ ناكرێت، ئەگەر بۆ وەبەرهێنان بێت ئەوە تاپۆ دەكرێت، ئەوەی موساتەحەی وەرگرتبێت، گرێبەستی لەگەڵ شارەوانی هەیە و دەمێنێت، بەڵام ئەوەی چەند ساڵە زەویی موساتەحەی وەرگرتبێت و هیچ پڕۆژەی لەسەر نەكردبێت، یان تەنیا باڵەخانەیەكی تەواو نەكراوی جێ هێشتووە، هۆشداریمان پێداون كاری تێدا نەكەنەوە و گرێبەستەكانیان هەڵدەوەشێندرێنەوە".
ئەو بەرپرسەی شارەوانی دووپاتی كردەوە، پەیڕەوی بەرەنگاریی گەندەڵی دەكەن و سوورن لەسەر شەفافیەت و چاكسازی، گوتیشی: "لەگەڵ كابینەی تازە، جەخت لە بەرەنگاریی گەندەڵی كراوەتەوە، هەر كارێك قانوونی بێت دەكرێت و ئاسانكارییش بۆ هاووڵاتییان دەكرێت، هەر كارێك قانوونی نەبێت، هەر كەسێك بێت ئەوە جێبەجێ ناكرێت، بۆ هەر كەیسێك سكاڵا هەبێت و داواكاری گشتی لەسەر خەت بێت، ئەوە لیژنەی لێكۆڵینەوە دادەندرێت.
ئەوەشی ئاشكرا كرد، بەگشتی لە سنووری شاری هەولێر 100 هەزار پارچە زەویی كارت هەبوون، زیاتر لە 70 هەزاريان تاپۆ كراون، كەمتر لە 30 هەزار پارچە زەوی ماون و لە دەرفەتێكی نزیكدا تاپۆ دەكرێن.
باسنيوز
