وردەكاریی سەردانی شاندەكەی پەرلەمانی كوردستان بۆ بەغدا دەخريتە ڕوو

وردەكاریی سەردانی شاندەكەی پەرلەمانی كوردستان بۆ بەغدا دەخريتە ڕوو
سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ڕەوەندی کوردی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتیی دەکات و جیا لە بەشداری لە کۆنفرانسێک، سەردانەکە پەیوەندیی بە دەرچواندنی هەندێ یاساشەوە هەیە.

ڕێبوار بابكەیی، سەرۆكی لێژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و ڕەوەندی کوردی لە پەرلەمانی كوردستان، لەمبارەوە ڕايگەیاند: "شاندەكەی پەرلەمانی كوردستان، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان سەرپەرەشتیی دەكات و دەستەی سەرۆكایەتیی لێژنەی یاساییش لەگەڵ شاندەكەن".

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "شاندەكە لە هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان، بژار خالید، سەرۆكی لێژنەی یاسایی، جەلال محەمەدئەمین بڕیاردەری لێژنەی یاسایی و ڕۆژان محەمەد ئەندامی لێژنەی یاسایی پێكهاتوون".

ئەوەشی خستە ڕوو: "سەردانی شاندەكەی پەرلەمانی كوردستان بۆ بەغدا، جیا لەوەی بەشداری لە كۆنفرانسێكدا دەكەن، پەیوەندیی بە هەندێك بابەتی دارایی و دەرچواندنی یاساوە هەیە".

بەپێ زانیارییەکان، سەردانەکە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ بەشداریکردن لە كۆڕبه‌ندی ساڵانه‌ی یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی رۆژئاوای ئاسیا، سەردانی بەغدا دەکات.












باسنيوز
Top