چەند بڕیارێك بۆ ئەژماركردنی خزمەتى فەرمانبەران دەردەكرێت
بۆ ئەژماری خزمەتی فەرمانبەری، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە كەوا دەبێت پوختەی راژەی پەسندكراو و دروست و فەرمانی دامەزراندن و گەڕانەوەی فەرمانبەرەكە لەگەڵ گشت بەراییەكانی رەسەن بۆ ئەنجومەنی وەزیران بنێردرێت.
سەبارەت بە ئەژماری خزمەتی ماوەی فەرمانبەری گرێبسەت، بە پێویست داندراوە وێنەی رەسەنی پوختەی راژەی پەسندكراو و گرێبەست و فەرمانی رەزامەندیی وەزارەتی دارایی لە لیستی هاوپێچ هەبێت، كە بۆ ئەنجومەنی رەوانە دەكەن.
جەختیش كراوەتەوە، بۆ ئەژماری خزمەتی كەرتی تایبەتی ئەندازیاری، پێویستە وێنەی رەسەنی پوختەی راژەی پەسندكراو و پشتگیریی ئەنجومەنی سەندیكا و پشتگیریی كۆمپانیا و گشت بەراییەكانی ئەو پڕۆژانەی كاری لەسەر كردووە، بنێردرێت.
لەبارەی ئەژماری خزمەتی پارێزەرایەتی، لەو نووسراوە كە دەست كەوتوو، هاتووە: "دەبێ وێنەی رەسەنی پوختەی راژەی پەسندكراو و پشتگیریی سەندیكای پارێزەران و گشت بەراییەكانی تایبەت بەو داوا دادوەرییانەی كاری لەسەر كردووە، رەوانە بكرێت".
بۆ ئەژماری خزمەتی رۆژنامەنووسی تاوەكوو بخرێتە سەر خزمەتی فەرمانبەری، دەبێت وێنەی رەسەنی پوختەی راژەی پەسندكراو و پشتگیریی سەندیكای رۆژنامەنووسان و ئەو دەزگایەی كاری رۆژنامەنووسیی لێ كردووە، بنێردرێت.
پەیوەست بە ئەژماری خزمەتی كەرتی تایبەت، دووپات كراوەتەوە، بەو مەرجە دەكرێ كەوا وێنەی رەسەنی بەڵگەنامەی پێویست بۆ پشتگیریی تایبەت بە وەرگرتنی پارەی دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بنێردرێت.
ئاماژە بەوەش كراوە، بۆ ئەژماری خزمەتی ئاوارەیی ئێران، پێویستە لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆ، بەرێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەران، نووسراوەكانی تایبەت بەو بابەتەیان ئاڕاستە بكرێت.
هەروەها بۆ ئەژماری خزمەتی پێشمەرگایەتی ئەوە ئاشكرا كراوە، كەوا دەبێت لە وەزارەتی پێشمەرگە بهێندرێت، بەو مەرجەی بەراییە رەسەنەكانیشی لەگەڵ بێت.
سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی پێشتر دۆسێیان فەوتاوە، ئەوە خراوەتە ڕوو، كاتێك نووسراو ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت، پێویستە وێنەی رەسەنی فۆڕمە سووتاوەكان و بەڵگەنامە و زانیاریی تەواو رەوانە بكرێت.
گواستنەوەی ئەو راژانە بۆ سەر خزمەتی فەرمانبەری، هەم بۆ گۆڕینی ناونیشان و زیادكردنی مووچەیە، هەروەها بۆ خانەنشینیش سوودی لێ وەردەگیرێ.
باسنيوز
