پۆلیسی هەولێر دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر و دزێكی دەستگیر كرد
رائید هۆگر عەزیز، وتەبێژ و بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی هەولێر، راگەیاند: "دوابەدوای ئاگاداركردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان - نووسینگەی ڕۆژئاوا بە بوونی دوو ڕووداوی جیا لە سنووری بنكەكەیان، دەستبەجێ دەست كرا بە لێكۆڵینەوەیەكی ورد و توانرا ناسنامەی سێ تۆمەتبار ئاشكرا بكرێت و دەستگیر بكرێن".
گوتیشی: "دوو تۆمەتبار بە ناوەكانی (س.ش.ك) تەمەن ۲٤ ساڵ، (ز.ص.س) تەمەن ۲۱ ساڵ، كە هەڵسابوون بە بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر، هەروەها لە كاتی دەستگیركردنیان بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەریان لا بووە، بۆیە پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ ڕێك خرا و ڕەوانەی بەردەم بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوە كرا، بەڕێزیشیان بڕیاری دا بە بەندكردنی هەردوو تۆمەتبار بە ماددە ۲٤ی تایبەت بە ماددەی هۆشبەر".
روونیشی كردەوە، تۆمەتبارێكی دیكە بە ناوی (س.ع.ف) تەمەن ۳۹ ساڵ، هەڵسابوو بە شكاندنی ماركێتێك و دزینی بڕی هەشت هەزار و 100 دۆلاری ئەمریکی دوو ملیۆن دیناری عێراقی، پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ ڕێكخرا و ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە كرا و بڕیاردرا بە بەندكردنی تۆمەتبار بە ماددەی ٤٤۳ لە (ی.س.ع).
باسنيوز
