هەوڵێک بۆ یەکپۆشیی قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەدرێت

هەوڵێک بۆ یەکپۆشیی قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەدرێت
پەرلەمانتارێک لە لێژنەی پەروەردەی پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی پەیڕەوکردنی یەکپۆشیی قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان یاداشتێک دەداتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان.

لەمبارەوە زانا مەلا خالید، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ڕايگەیاند: "خەریكە لەناو زانكۆ و پەیمانگەكاندا گرنگیدان بە جلوبەرگ دەبێتە بابەتی یەكەم و پێش زانست دەكەوێت و خەڵك داوا دەكات یەكپۆشی پەیڕەو بكرێت، چونكە توانای دابینكردنی ئەو خەرجییە زۆرەیان بۆ منداڵەكانیان نییە، زۆر جار بەو هۆیەوە خێزانەكان، منداڵەكانیان لە خوێندن دوور دەخەنەوە“.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش كرد: "لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتی و نوێنەرایەتیمان بە ئەركی خۆمانی دەزانین، داواكاریی خەڵك بگەیەنینە سەرۆكایەتیی پەرلەمان، پێمان وایە ئەم بابەتە پێویستە و ئەگەر جێبەجێ بكرێت، ئەوا بارگرانی لەسەرشانی خێزانەكان كەمتر دەبێت".

ڕوونیشی كردەوە: "ڕۆژی ١ی ٩ی ٢٠١٩ یاداشتێكم بۆ جێبەجێكردنی یەكپۆشی لە زانكۆ و پەیمانگەكان ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد و دەبێت وەڵامی ئەم یاداشتەمان بدەنەوە، چونكە ئەم بابەتە بڕیاری سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەوێت".

لەبارەی ئەم پرسەوە د. ئەحمەد دزەیی، سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین ڕايگەیاند: "پێویستە یەكێتیی قوتابیان و كۆمەڵەی خوێندكاران دیراسەی ئەم بابەتە بكەن، پێم باشە پێش دەرچوونی هەر بڕیارێك هەماهەنگی و گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەرۆكی زانكۆكان و قوتابییان بكرێت، بۆ ئەوەی ئەگەر بڕیار بۆ یەكپۆشی درا، جێبەجێكردنی ئاسان بێت و ئەگەر بڕیارێك لەخۆوە بدرێت، ئەوا جێبەجێكردنی ئاسان نابێت".

سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین ڕوونیشی كردەوە: "لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانكۆدا، باسی بابەتەكە كراوە و دەسەڵاتی كارەكەمان بە نوێنەری قوتابیان و خوێندكاران داوە، تا ئەوان دیراسەی بابەتەكە بكەن و بڕیار بدەن و ئێمە نامانەوێت بە زۆر بابەتی یەكپۆشی جێبەجێ بكەین، بەڵام داوامان لە كۆلێژەكانیش كردووە، ئەگەر هەر بەش و قۆناغێك ویستی یەكپۆشی هەبێت، پاڵپشتی دەكەین و هاوكات ئێمە لەسەر یەكپۆشی نەمانویستووە بڕیارێك دەربكەین و بڕیاریش دەرناكەین، بەڵام ئەگەر یەكپۆشیش هەبێت هاوكارییان دەكەین".

لەمبارەوە سەرتیپ عەلی، سكرتێری كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان لەسەر پەیڕەوكردنی یەكپۆشیی قوتابییان ڕايگەیاند: "بڕیاری یەكپۆشی تایبەتە بە ئیدارەی زانكۆكان، بڕیارێكی گشتگیریش لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە دەرناچێت".

سكرتێری كۆمەڵەی خوێندكاران بە پێویستی دەزانێت كار لەسەر وشیاریی خوێندكار و قوتابی بكرێت، بۆ ئەوەی خۆیان هەنگاو بۆ پۆشینی جلی سادە بنێن و وەك بنەما ئێمە لەگەڵ یەكپۆشی نین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نین زانكۆ و پەیمانگەكان ببنە سەنتەری نمایشكردنی جلوبەرگ و ئۆتۆمبێل و خۆڕازاندنەوە".












باسنيوز
Top