وردەکاری کوژرانی ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە لە هەولێر

وردەکاری کوژرانی ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە لە هەولێر
پیشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە لەبەردەم دادگای هەولێر پیاوێک تەقە لە هاوژینەکەی دەکات و دەکوژرێت. کەسوکاری ژنەکەش دەڵێن: کێشەیەکی کۆمەڵایەتییان هەبووە و پیاوەکەش ئامادەی دادگا نەبووە و لە دەرەوەی دادگا تەقەی لێکردووە و کوشتوویەتی.

ئەو ژن و پیاوە ماوەی حەوت ساڵە ژیانی هاوژینیان پێکهێنابوو و هیچ منداڵێکیان نەبوو، بەهۆی کێشەیەکەوە چەند جارێک دەچنە دادگا، بەڵام کێشەکەیان چارەسەر نەبووە.

بەگوتەی کەسوکاری کوژراوەکە، شادیە جاسم دوو ساڵ لەمەوبەر بەتۆمەتی خیانەتی هاوژینی دەستگیراکرابوو، دوای ساڵ و نیوێک مانەوە لە بەندیخانە و تەواوبوونی سزاکەی ئازادکراوە.

لە دوای رووداوەکەش بکوژەکە خۆی رادەستی هێزەکانی ئاسایشکردووە، ئێستا پەڕوای لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.

شادییە تەنیا سێ مانگ بوو لە بەندیخانە ئازادکرابوو، پێش ئازادکردنیشی لە بەندیخانە داوای جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی کردبوو، پێشتر لەسەر کەیسی شادییە و هاوژینەکەی سێ دانیشتی دادگا بەڕێوەچووبوون، بڕیاربوو دانیشتی چوارەم کۆتا دانیشتنی دادگابێت، بەڵام هاوژینەکەی بە لێدانی شەش گوللە کۆتایی بە ژیانی شادییە هێنا.
Top