وەزارەتی کشتوکاڵ: بۆ زوو راییکردنی کارەکان ناوی هەڵەبجەمان بە قەزا هێناوە

وەزارەتی کشتوکاڵ: بۆ زوو راییکردنی کارەکان ناوی هەڵەبجەمان بە قەزا هێناوە
وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، سەبارەت بە ناوهێنانی هەڵەبجە وەکو قەزایەکی سلێمانی لە نووسراوی ئیفرازکردنى چەند پارچە زەوییەکی سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: بۆ زوو راییکردنی کارەکان ناوی هەڵەبجەمان بە قەزا هێناوە.

وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت: "نووسراوەکەى وەزارەتمان تایبەت بوو بە ئیفرازکردنى زەوى و ئاگایانى بوارى زەوی و زار دەزانن کە تاوەکو ئێستا لە عێراق کار بە تەسویەى زەوى و زارى ساڵى 1950 دەکرێت، کە لەوێدا نەوەک هەڵەبجە، هێشتا دهۆک وەک پارێزگا ناوى نەهاتووە، بەڵکو بە قەزاى دهۆک پارێزگاى نەینەوا ناوى هەیە، ئەمەش هۆکارەکەى لەبەردەست نەبوونى تەسویە و نەخشەیەکى نوێى زەوى و زارى عێراقە".

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بۆ ئەوەى کاروبارەکان بە زوویى رایى بکرێن بە هەمان ناونیشان کە لەسەر نەخشەکانى لاى دەستەى گشتى رووپێوى عێراق هەیە، ناونیشان و ژمارەى پارچە زەوییەکانمان ناردووە. ئەگەر بە ناونیشانە نوێیەکەى هەڵەبجە داواى راییکردنى کارەکەمان بکردایە لاى ئەوان ناونیشانەکە نەدەدۆزرایەوە و کارەکان دوا دەکەوتن، یان نەدەکران."

دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ

دواى ئاراستە کردنى نووسراوێکى وەزارەتمان بۆ (وەزارەتى کشتوکاڵى حکومەتى عیراق/ دەستەى گشتى رووپێوى) پەیوەست بە ئیفرازکردنى چەند پارچە زەوییەک لە سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە، کە لە نووسراوەکەماندا بە (قەزاى هەڵەبجە لە پارێزگاى سلێمانى) ئاماژەى پێکراوە. هەندێک کەس رەخنەى ئەوەیان گرت کە پارێزگاى هەڵەبجە بە قەزا ناو براوە. لەمبارەیەوە بە پێویستى دەزانین ئەم روونکردنەوەیە بخەینە بەرچاوى هەمووان:

یەکەم: تاکو ئێستا لە هەندێک دامەزراوەى حکومەتى ناوەندى رێکارى پێویست نەگیراوەتە بەر بۆ چەسپاندنى ناوى هەڵەبجە وەک پارێزگایەکى عیراق، بەتایبەت لەو ئاستانەى فەرمانگە و دەستەن و سەربە وەزارەتەکانن.

دووەم: نووسراوەکەى وەزارەتمان تایبەت بوو بە ئیفرازکردنى زەوى و ئاگایانى بوارى زەوی و زار دەزانن کە تاکو ئێستا لە عیراق کار بە تەسویەى زەوى و زارى ساڵى (١٩٥٠) دەکرێت، کە لەوێدا نەک هەڵەبجە، هێشتا دهۆک وەک پارێزگا ناوى نەهاتووە، بەڵکو بە قەزاى دهۆک پارێزگاى نەینەوا ناوى هەیە، ئەمەش هۆکارەکەى لەبەردەست نەبوونى تەسویە و نەخشەیەکى نوێى زەوى و زارى عیراقە، ئێمەش بۆ ئەوەى کاروبارەکان بە زوویى رایى بکرێن بە هەمان ناونیشان کە لەسەر نەخشەکانى لاى دەستەى گشتى رووپێوى عیراق هەیە ناونیشان و ژمارەى پارچە زەوییەکانمان ناردووە. ئەگەر بە ناونیشانە نوێیەکەى هەڵەبجە داواى رایی کردنى کارەکەمان بکردایە لاى ئەوان ناونیشانەکە نەدەدۆزرایەوە و کارەکان دوا دەکەوتن، یان نەدەکران.

سێیەم: لە دید و هزرى ئێمەدا هەڵەبجە ناوێکى گەورەى شکۆدارە و پارێزگایەکە جێگاى شانازى هەموو کوردانە، ئەم سەرنج و رەخانانە سەرئەنجامى نەبوونى تەسویەى نوێى زەوی و زار و سستى رێکارى ئیدارى پێویستن بۆ ئەو گۆرانکارییە ئیدارییانەى بەسەر وڵات دا دێن، دەبوایە دواى ئەو هەموو ماوە زۆرەى هەڵەبجە وەک پارێزگا ناسێنراوە لە هەموو دەزگا و دامەزراوە رەسمییەکاندا وەک پارێزگا بچەسپێنرایە، بەڵام بە داخەوە هۆکار و مەبەستەکە هەرچییەک بێت لە ئاستى پێویست دا نەکراوە. وەک وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە حکومەتى هەرێمى کوردستان دا دووپاتیدەکەینەوە کە لە کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ حکومەتى ناوەندى کاردەکەین بۆ ئەوەى هەڵەبجە لە هەموو ئەو دامەزراوانەى ئێمە سەر و سەودامان لەگەڵیاندا هەیە وەک پارێزگا ناوەکەى بچەسپێنرێت.

لەگەڵ ئەو پەڕى رێزماندا

راگەیاندنى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو
Top