مەحموود محەمەد: بڕیارە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان بکرێت
پاش کۆبوونەوەکە هەریەک لە مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاراس وەلی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەیان خستە ڕوو.
لەمبارەوە مەحموود محەمەد، ئەندامی مەکتەی سیاسی و گوتەبێژی پارتی گوتی: "لە کۆبوونەوەکەماندا هەندێ پرسمان تاوتوێ کرد و باسمان لەوە کرد لەوانەیە حکوومەتی بەغدا بو گوێرەی ئەو یاسایەی کە دایان ناوە، هەوڵی دابێت حزبە بچووکەکان لە دەسەڵاتە ناوچەییەکان بێبەش بکەن، جیا لەمانەش لەوانەیە لە کورکووک و مووسڵ و ناوچە کێشە لەسەرەکان و سنووری مادەی ١٤٠ بەهۆی ئەو کێشەیەی کە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر پێشهات، تووشی گرفت بین".
ئاماژەی بەوەش کرد: "کۆمەڵێک بابەتی پەیوەندیدار هەیە کە پێویست بەوە دەکات دەبێ لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دابنیشین و بەتەماین کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە نێوان پارتی و یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجام بدرێت، هاوکات بۆ پرسی بەغدا و پرسی کەرکووک، جیا لەم سێ حزبە، لەگەڵ حزبەکانی دیکەش کەلە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئۆپۆزسیۆنن کۆ دەبینەوە، چونکە ئەمە پرسێکی نیشتمانییە و پرسی کەرکووک و بەغدایان لەگەڵ تاوتوێ دەکەین".
لە بەرانبەردا ئاراس وەلی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان گوتی: "ناورۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان چەند تەوەرێک بوو، کە یەکیان یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بوو کە پێمان وایە یاساکە گرفتی تێدایە و تێبینیمان لەسەری هەیە و ڕوانگەکانمان لەگەڵ پارتی لە یەکترەوە نزیک بوون و باسمان لەوە کرد کە ئەگەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێت، چۆن بەشداریی تێدا بکەین، ئایا بە یەک لیست بەشداری بکەین؟ بۆ ئەوەی سەنگ و قورسایی کورد دەربەکەوێت".
ئاراس کۆیی گوتیشی: "پرسێکی دیکە کە باسمان لێوە کرد، مەسەلەی شەفافیەت بوو لەبارەی ئەو زانیارییانەی پرسی نێوان بەغدا و هەرێم ک بۆ هاووڵاتیانی بگوازینەوە و جەختمان لەوە کردەوە هەموومان یارمەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەین بۆ ئەوەی گرفتەکان لەگەڵ بەغدا و ولاتانی دیکەی ناوچەیی چارەسەر بکەین".
هاوکات گوتیشی: "باسمان لە چۆنیەتیی بەشداریکردنمان لە حکوومەتی خۆجێی و پشکەکانمان لە حکوومەتی خۆجێی کرد، هاوکات باس لە پەیوەندییە سیاسییەکان ئێمە و پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنەکانی دیکە کران".
باسنيوز
