عەدنان عوسمان: پێویستە لایەنەكانی دیكەش وه‌كو گۆڕان لەگەڵ پارتی بگەنە رێككەوتن

عەدنان عوسمان: پێویستە لایەنەكانی دیكەش وه‌كو گۆڕان لەگەڵ پارتی بگەنە رێككەوتن
- هەڵسووڕاوێكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، پارتی و گۆڕان پێشتر تاقیكردنەوەی خراپیان ھەبووە، بەڵام بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و بەھێزكردنی ھەرێمی كوردستان، گەیشتوونەتە رێككەوتن. دەشڵێ، : گۆڕان بە ھەموو توانایەكەوە كار بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی لەگەڵ پارتی دەكات.

عەدنان عوسمان، هەڵسووڕاوی باڵای گۆڕان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێشتر ئەزموونێكی تاڵمان لەگەڵ پارتی ھەبوو، كە ھەم نەیتوانی خزمەت بە ھەردوولا بكات، ھەمیش خزمەت بە پڕۆسەی سیاسیی ھەرێمی كوردستان بكات، دەكرێ لە چوارچێوەی ئەو ئەزموونە و رێككەوتنەی لە نێوان پارتی و گۆڕان كراوە، ھەنگاوی گەورە بنێرێت لە پێناو ئەوەی كە لە كۆمەڵگەی كوردستان و دام و دەزگاكاندا چاكسازی بكرێت لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستاندا بشكێتەوە و ھەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە بەھێز بكات".

هەڵسووڕاوەكەی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "ھیواخوازین پارتی و یەكێتی بگەنە رێككەوتن و رێككەوتنی سێلایەنەش بێتە ئاراوە و ببێتە كارنامەی كابینەی داھاتووی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، چونكە پێموایە ھەنگاوێكی گرینگ دەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئەزموونی ھەرێمی كوردستان، تا بتوانین گۆڕانكاریی گەورە لە ژیانی ھاووڵاتیان و دام و دەزگاكانی حكوومەتدا بكەین، ئەمەش داخوازیی لایەنگری ھەرسێ حزبە لە كوردستان".

لەبارەی ئەو رەخنانەی لە بزووتنەوەی گۆڕان دەگیرێن، عەدنان عوسمان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "گۆڕان پەلەی نەكردووە و پێویستە لایەنەكانی دیكەش بە ھەمان شێوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی بگەنە رێككەوتن، چونكە رێككەوتنەكه‌ لە قازانجی پڕۆسەی سیاسیی ھەرێمی كوردستاندایە و ناكرێت دوا بخرێت، كاری پەرلەمان و دام و دەزگاكان حەق نییە لە ژێر ھەر بیانوویەكدا دوا بخرێت".

عوسمان روونی كردەوە: "رێككەوتن ئیمزا كراوە و ھەردوولا پێشتر دانوستانی وردیان كردووە بۆ ئەنجامدانی رێككەوتنەكە، ھەر حزبە و لای خۆیەوە ئەو رێككەوتنەی تاوتوێ كردووە، رێككەوتنی پارتی و گۆڕان بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و بەرەوپێشبردنی ھەرێمە".

عەدنان عوسمان نەیشاردەوە، پێشتر بە ھۆی ناكۆكیی نێوانیانەوە پارتی و گۆڕان گلەییان لە یەكتر ھەبوو، بەڵام قۆناغی ئێستا پێكەوەكاركردنە و دەشڵێ: "پێشتر پارتی گلەیی لە ئێمە ھەبوو و ئێمەیش وەك گۆڕان گلەییمان لە پارتی ھەبوو، ئێمە پابەندی رێككەوتن لەگەڵ پارتی دەبین بە ھەموو توانایەك و لە كابینەی حكوومەت و لە ڕووی سیاسیشەوە كار بۆ سەرخستنی خاڵ و پەیامی رێككەوتنەكە دەكەین، پێویستە ھەموو لایەنەكان لاپەڕەی نوێ ھەڵدەنەوە و بیر لەوە بكەنەوە وڵاتەكەمان ئیتر تەحەمولی ئەو ئاڵۆزییە سیاسییەی پێشتر ناكات".
kdp-
Top