"بەھاری ئەمساڵ پڕۆژەی شەقامی سەدمەتریی سلێمانی جێبەجێ دەکرێت
زیاد کاکە ڕەزا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشکرای کرد: "پڕۆژەی دروستکردنی شەقامی سەدمەتریی شاری سلێمانی خراوەتە سەر پڕۆژەکانی پارێزگای سلێمانی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیران، وەک قۆناغی یەکەم ٩٠ ملیار دیناری بۆ خەرج کردووە، بڕیارە لە بەھاری ئەمساڵدا پڕۆژەی دروستکردنی شەقامی سەدمەتریی سلێمانی بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە."
پڕۆژەی شەقامی سەدمەتریی شاری سلێمانی، شەقامێکی بازنەیییە بە دەوری شاری سلێمانیدا دەسووڕێتەوە و لە تاسلووجەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە سەر ڕێگەی دووکان.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "چەند ساڵە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانە و ھیچ جیاوازییەکی نەکردووە لە نێوان پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستاندا، چۆن دڵسۆزی زاخۆیە بە ھەمان ئەندازە دڵسۆزی گەرمیان و سلێمانی و ھەڵەبجەیە و بەو ڕۆحیەتەوە کاری کردووە و ھەموو کەس و لایەنێکیش ئەو ڕاستییە دەزانن، ئەگەر موزایەدەی حزبی وازیان لێ بێنێت."
زیاد کاکە ڕەزا گوتیشی: "بە جێبەجێکردنی شەقامی سەدمەتری، شاری سلێمانی دەچێتە قۆناغێکی دیکەی ئاوەدانی و کاریگەریی لەسەر ھاتوچۆ و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دەبێت، بێگومان دەستکەوتێکیشە بۆ پارێزگای سلێمانی، کە شەقامێک بەو فراوانییە دروست بکرێت."
kdp-
