چارەنووسی ڕۆژئاوای کوردستان دوای نەمانی داعش چی بەسەر دێ؟

چارەنووسی ڕۆژئاوای کوردستان دوای نەمانی داعش چی بەسەر دێ؟
دوای دەستپێکردنی شۆڕشی سووریا لە ساڵی ٢٠١١ـەوە تا ئێستا ئەو وڵاتە بووەتە گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتان و تا ئێستاش ململانێ و ناکۆکیی وڵاتان بەردەوامە. شارەزایەکی سیاسیش پێی وایە، تا ئێستا دیار نییە ئایندەی کورد لەو وڵاتە چی بەسەر دێت.

داعش لە سووریا وا کۆتایی دێ، ناوچەی باغۆز دواوێستگەی مانەوەی داعش بوو، لەوێش کۆتایی هات و دیار نییە کورد لە وڵاتە چی دەست دەکەوێت. ئایا وڵاتە زلهێزەکان هاوکاری کورد دەبن بۆ ئەوەی بە مافی خۆی بگات؟ لەوبارەیەوە. فارس ئیسماعیل گوتی: "داعش تەواو بووە، کەچی ئەو ئێدارەیەی ئێستای ڕۆژئاوا تەنیا وەک داردەستێک بۆ وڵاتان کار دەکات و هێچی تر نییە. بەڵگەش ئەوەیە کە هێشتا داعش کۆتایی نەهاتبوو، ئەمەریکا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی دا و دەبووایە ئیدارەی ڕۆژئاوا خۆی بۆ هەموو ڕووداوەکان ئامادە کردبایە.

گەڕانەوەی پەیەدەی بۆ خاڵێ سفر لە دیمەشق

هەموو هەوڵەکانی ئەمەریکا لەسەر ئەوەن ڕژێمی سووریا دەسەڵاتەکانی سنووردار بکرێ، کەچی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرکردایەتیی مەجلیسی سووریای بەناو دیموکرات چەندین جار بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ڕژێمی سووریا سەردانی دیمەشقی کردووە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان و ئەوەش ناڕەزایەتیی ئەمەریکای لێ کەوتەوە.

ئەم هەڵوێستانەی پەیەدە ناڕەزایەتیی ئەمەریکا و ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ''ئەنەکەسە''ی بە دووای خۆیدا هێنا، سەرکردەکانی ئەنەکەسەش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانیان ڕایگەیاند، پەیەدە دەتوانێت لەگەڵ هەموو هێزیک ڕیک بەوێت، تەنیا لەگەڵ کورد ڕێک ناکەوێت، کەچی دیمەشقیش ددان بە پەیەدە و مافی کورددا نانێت.

کشانەوەی هێزەکان

چەندین جار سەرکردەکانی ئەنەکەسە ڕەخنە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری پەیەدە دەگرن و دەڵێن ڕیگە نادەن هێزی کورد، کە پێشمەرگەی ڕۆژە و لە لایەن وڵاتانی جیهانەوە ددانی پێدا نراوە، بگەڕێتەوە بۆ ڕۆژئاوا و هاوشانی ئەوان لە دژی دوژمن بجەنگێت، بەڵام پەیەدە هەموو جارێک گلەیی لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەکات، کە دەیانەوێت بکشێنەوە.

ناوچەی ئارام و ڕۆڵی کورد

دوای هاتنی بابەتی ناوچەی ئارام، ئێستا ئەو بابەتە مژاری ڕۆژەڤە لە جیهاندا بە گشتی و لە سووریا بەتایبەتی. سەرکردەکانی سووریا دەڵین تا ئێستا نازانن شێوازی بەڕێوەبردنی ئەو ناوچەی ئارامە چۆن دەبێت.

کورد وەک پێشنیاری پێشوەختە یەک بۆچوونی هەیە و سەرکردەکانی کورد بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێن، دەبێ ناوچەی ئارام لە ژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا بێت و ئەنەکەسەش ڕایگەیاندووە، دەبێ پێشمەرگەی ڕۆژ پشکداریی پاراستنی ئەو ناوچەیە بکات.

چارەسەری سیاسی یان سەربازی؟

شەلال گەدۆ، ئەندامێ ئیئتلافی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ڕایگەیاند، پەیەدە لە دوای ٢٠١١ـوە تا ئێستا لەگەڵ چارەسەری خەباتی سەربازییە بۆ هێوربوونی ڕەوشی ڕۆژئاوا، بەڵام تا ئێستا کورد لەو ناوچەیەدا بێدەستکەوت ماوەتەوە.

گەدۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئەنەکەسە لەگەڵ ئەوەیە پرسی ڕۆژئاوای کوردستان بە سیاسییانە چارەسەر بکرێت، چونکە چارەسەری بارودۆخی سووریا لە سووریا نییە، بەڵکو لە کن وڵاتە زلهێزەکانە."
kdp-
Top