ڕێوڕەسمی خەڵاتی جیهانیی ساڵانەی شیفا گەردی لە هەولێر بەڕێوە چوو

ڕێوڕەسمی خەڵاتی جیهانیی ساڵانەی شیفا گەردی لە هەولێر بەڕێوە چوو
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2019.2.25 لە شاری هەولێر و بە سپۆنسەریی تۆڕی میدیایی ڕووداو و بە ئامادەبوونی فرانسوا ئۆلاند سەرۆکی پێشووی فەرەنسا و نوێنەری هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، یەکەم ڕێوڕەسمی خەڵاتی جیهانیی ساڵانەی شەهید شیفا گەردی بەڕێوە چوو.

لە ڕێوڕسمەکەدا فرانسوا ئۆلاند، سەرکۆماری پێشووی فەرەنسا لە وتارێکدا وێڕای بەرزنرخاندنی ئازادی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، هاوکات سپاسی سەرۆک بازرانی و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی کرد کەلە شکستدانی داعشدا ڕۆڵی سەرەکییان گێڕاوە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا نوێنەری سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، دەستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرجەم پارێزگارانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک میوانی ناوخۆ و بیانی ئامادە بوون.

سەرەتای ڕێوڕەسمە بە یەک خولەک بێدەنگی بۆ گیانی سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی شەهید دەستی پێکرد و دواتر هێمن لهۆنی، بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمی یەکەمین خەڵاتی شیفا گەردی بە چەندین زمان بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد.

پاشان سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی شەهیدی ڕۆژنامەنووس، شیفا گەردی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی: "ئەو یەک لەو ڕۆژنامەنووسە چالاک و بوێرانە بوو کە دەیهەویست هەموو ڕووداوەکان لە نزیکەوە ببینێت و کەسێکی ئازا و بوێر بوو و هاوشانی پێشمەرگە خەباتی کرد و لە جەریانی شەڕی داعشدا، تەنیا شیفا نەبوو کە شەهید بوو و چەندین کەسی دیکەش لە ڕێگایەدا گیانیان فیدا کرد".

دواتر فیلمێکی دیکیۆمێنتاری لەبارەی ژیان و چالاکییە ڕۆژنامەنووسییەکانی شەهید شیفا گەردی پیشانی ئامادەبوان درا، لە دیکیۆمێنتارییەکەدا باسی بڕگە و قۆناغەکانی ژیان و خوێندن و دەسپێکی کاری ڕۆژنامەنووسی و میدیایی ئەو کچە شەهیدە کرا.

پاشان لە دیکیۆمێنتارییەکدا باسی دۆخی ژیانی ڕۆژنامەنووسانی شەهید کرا کەلە شەڕی داعشدا شەهید بوون، یان ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.

دواتر فرانسوا ئۆڵاند، سەرکۆماری پێشووی فەرەنسا کە تایبەتی بۆ ئەو ڕێوڕسمە بانگهێشت کرابوو، بەم بۆنەوە وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "سپاسی هەموو ئەو ڕۆژانامەنووسانە دەکەم کە ئەمڕۆ لێرە ئامادەن و و ڕێز لە خەباتی ئەو کەسانە دەگرن کە بۆ پاراستنی ئازادی خەباتیان کردووە، دەبێ وەبیرتان بهێنمەوە و کە من چەندین جاری دیکە هاتوومەتە هەولێر بووم کە ئێستا لێوانلێوە لە ئازادی، جارێکی دیکە بەناوی فەرەنساوە دەیڵێم لە 2014ەوە هاوکاریی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان کارمان کردووە و سەرەتای ٢٠١٧جارێکی دیکە هاتمەوە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆک بارزانی چوومە بەرەکانی جەنگ و لە چەند کیلۆمەترییەوە سەیری بەرەکانی جەنگمان کرد و دواتر ئەمڕۆ گەڕامەوە بۆ ناو دڵی مووسڵ، دەبینم شارەکە هەرچەند ئازادە، بەڵام بەتەواوی وێران بووە و هەموو شوێنەوارە گرنگەکانی ئەو شارە خاپوور کران، من لێرەم بۆ ئەوەی جارێکی دیکە داوا بکەم، دەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بەردەوام بێت بۆ بنیاتنانەوەی مووسڵ و دەبێ یۆنسکۆ هاوکار بێت و شوێنەەوارەکان نۆژەن بکرێنەوە، هەروەها سپاسی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە دەکەین کە پێکەوە لە شکستدانی داعشدا ڕۆلێ سەرەکییان گێڕا و هاوکاری هاوپەیمانان بوون، بەڵام دەبێ زۆر ئاگادار بین چونکە فکری داعش هەر بەردەوامە و جێگای مەترسییە و فەرەنساش زۆر قوربانیی لەدژی داعش داوە."

ڕاشی گەیاند: "من ئەو ململانێیەی کە ئێستا لە باکووری سووریا هەیە و تورکیا هەڕەشە لە کوردانی سووریا دەکات، بە جێگەی نیگەرانی دەزانم، چونکە ئەگەر ببێتە شەڕ و ڕووبەڕوو بوونەوەی لایەنەکان، داعش ئەوە بە هەل دەقۆزێتەوە و دووبارە سەرهەڵدەداتەوە، چونکە نابێ وا بیر بکەینەوە کە داعش نەماوە و کۆتایی هاتووە، بەڵکوو هەموو کات تیرۆر ئامادەیە و دەبێ هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ بنبڕکردنی ئەو هزرە توندڕەوە و بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و بنیاتنانەوەی ژێرخانەوەی ئابووری و دامەزراوەکان لە عێراق، هەروەک چۆن لە هەرێمی کوردستان ئەو دامەزراوانە هەیە دەبێ لە ناوچەکانی دیکەی عێراقیش هەبن".

دواتر سەرۆکی لێژنەی داوەران کەلە پێنج کەسی پسپۆڕ پێکهاتوون، پاش خوێندنەوەی وتاری لێژنەی داوەران، یەکەم خەڵاتی "شیفا گەردی"یان بەخشییە ڕۆژنامەنووسی لاوی عەرەب "جینان مووسا"ی لوبنانی لە کەناڵی میدیایی "ئەلئان" و خەڵاتەکە لەلایەن فرانسوا ئۆڵاند سەرۆکی پێشووی فەرەنساوە بەو خانمە ڕۆژنامەنووسە گەنجە پێشکەش کرا.

دواتر خانمە ڕۆژنامەنووس جنیان مووسا وتارێکی پێشکەش کرد و سەرەتای وتارەکەی بە چەند ڕستەی کوردی گوتی: "بریا بمتوانیبایە ئەم وتارە بە کوردی پێشکەش بکەم، بەڵام بەداخەوە ناتوانم" و دواتر باسی لێهاتوویی و بوێریی شیفا گەردیی کرد و تیشکی خستە سەر کار و چالاکیی ژنان و کچانی ڕۆژنامەنووس لە بەرەکانی جەنگ و گوتی من ئەم خەڵاتەم دەبەخشمە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و دواتر لە پێگەی خۆم وردەکاریی زیاتر لەمبارەوە دەخەمە روو.

شیفا زکری ئیبراھیم گەردی، ١ی تەمموزی ١٩٨٦ لە کۆمەڵگەی زێوەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. شیفا بەشی کۆمپیوتەری پەیمانگەی تەکنیکی لە هەولیر لە ٢٠٠٦ تەواو کردووە. لە ٢٠١٣ بەشی ڕاگەیاندنی لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین تەواو کردووە. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ - ٢٠١٠ کاری مامۆستایەتی کردووە و لە ساڵی ٢٠٠٦ بووەتە ڕۆژنامەنووس. لەگەڵ تۆڕی میدیاییی ڕووداو کاری کردووە و بووتە بەڕێوبەری ئاوتپووتی کەناڵەکە.

شیفا گەردی ڕۆژنامەڤانی دیاری تۆڕی میدیایی ڕووداو ڕێکەوتی 2017.2.25 لە کاتی ڕووماڵکردنی کاری ڕۆژنامەنووسیدا لە شاری مووسڵ و لە کاتی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ بەهۆی تەقینەوەیەک کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دانرابوو، شەهید بوو.

دواتر هەر یەک لە هونەرمەندان جوان حاجۆ بە گۆرانی و هەژار زەهاوی بە دەف لە دوو بڕگەی جیاوازدا ڕیوڕەسمەکەیان ڕازاندەوە.











باسنيوز
Top