لە دەربەندیخان چەکدارێکی داعش دەستگیر کرا
عوسمان عەبدولکەریم، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان، ڕايگەیاند: "پاش ئەوەی سەبارەت بە تیرۆریستێک بەناوی (خ.ح.ت.ح)، زانیاریی ورد و تەواو دەست هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان کەوت، کە دوای تێکشکاندن و پەرتەوازەبوونی داعش بۆ خۆ حەشاردان بە ناسنامەی ساختەوە هاتووەتە هەرێمی کوردستان و لە سنووری قەزای دەربەندیخان نیشتەجێ بووە، تواندرا ڕۆژی ٤/۲/۲۰۱۹ لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی گەرمیانەوە و بەپێی مادەی ۲ ی تیرۆر دەستگیر برێت".
گوتیشی "دەستگیرکراوەکە تەمەنی ٤۱ ساڵە و دانیشتووی قەزای میقدادیەیە لە پارێزگای دیالە و لەکاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەدا ناوە کە لە ساڵی 2005 ەوە پەیوەندیی بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی (کتائب ثورە العشرین و القاعدە) وە کردووە و بەشداریی چەندین کردەوەی تیرۆریستی کردووە، جارێکیش لە کاتی دانانی بۆمبێکدا بۆ هێزەکانی هاوپەیمانان لە قەزای شارەبان بۆمبەکە پێیدا تەقیوەتەوە و چاوێکی لەدەست داوە.
دواتریش لەکاتی سەرهەڵدانی داعش لە ناوچەکە ساڵی2014 بەیعەتی پێداون و ماوەیەک لە سنووری حەمرین بووە و دواتر چووە بۆ مووسڵ و لەلایەن رێکخراوەکەوە خانوویەکی پێدراوە بۆ ماوەی یەک ساڵ لە مووسڵ ماوەتەوە و دواتر پاش تێکشکانی داعش لە ناوچەکە ڕۆیشتووەتە وڵاتی سووریا".
ئاماژەی بەوەش دا "پاش پرۆسەی ڕزگارکردنی مووسڵ ناوبراو گەڕاوەتەوە بۆ عێراق و بە ناسنامەی ساختەوە بۆ خۆ حەشاردان هاتووەتە سنووری شارەدێی (مەیدان)ی سەر بە قەزای دەربەندیخان و نیشتەجێ بووە".
باسنيوز
