مستەفا چاوڕەش: بە هەموو توانامەوە پشتیوانی لە شاڵاو عەلی عەسکەری دەکەم
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕاىگەیاند: ”بۆ وەرگرتنی ھەر پۆستێک، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بڕیاری لەسەر دەدات، بۆیە ئەو قسانەی کە لەسەر کاندیدەکانی یەکێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەکرێ، تەنیا لە ڕاگەیاندنەکانەوەیە، تا ئێستا لە کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتیماندا باس لە کەس نەکراوە، جیا لەوەش، ئێمە چاوەڕێی شاندی پارتین کە بێن و لەگەڵ مەکتەبی سیاسی دابنیشن تاوەکوو دەرگای ئەو شتانە بکرێتەوە“.
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی نەیشاردەوە کە بۆ پارێزگاری کەرکووک، ناوی ھەریەک لە ڕزگار عەلی، ڕەفعەت عەبدوڵا و خالید شوانی ھەیە، کاک شاڵاوی عەلی عەسکەریش نووسراوی کردووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام ”تا ئێستا ھیچیان بە فەرمی لە کۆمیتەی سەرکردایەتیدا باس نەکراون“.
هیواشی خواست، بە زووترین کات ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت، ”تاوەکوو ئەم دۆخە کۆتایی پێ بێت و لەسەر شتێ ڕێکبکەون، ئێمە شتێک کەم بکەینەوە و ئەوانیش ھەروا بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە“.
لەبارەی بۆچوونی مستەفا چاوڕەش لەسەر کاندیدکردنی شاڵاوی عەلی عەسکەری بۆ پارێزگاری کەرکووک، گوتى: ”من شاڵاوم لاپەسەندە و دوێنی پەیوەندیم پێیەوە کرد و زۆریش پاڵپشتی لێ دەکەم، ھەم وەک بنەماڵە و ھەم خۆی وەک گەنجێک کە لە تەمەنێکی بچووکەوە پێشمەرگە بووە، لەخۆوە نەھاتووە، عەقڵ و ھۆشی باشە و نفووسیشی کەرکووکییە، بۆیە دەبێ پشتیوانی بکەین“. دووپاتیشی کردەوە: ”خۆم یەکەم پارێزگاری کوردبووم لە کەرکووک لە دوای ڕاپەڕینەوە و دەبێ ئەو کەسەی دەبێت بە پارێزگاری کەرکووک، کەسێکی بە شەخسیەت و بەحورمەت بێ و لای پێکھاتەکان پەسەند و خۆشەویست بێ“.
باسنيوز
