یەپەگە گرتەی ڤیدیۆیی کوشتنی ئەندامێکی ئەنجومەنی عەفرین بڵاو دەکاتەوە
وەک لە گرتەکەدا دەردەکەوێ، گرووپێکی چەکداریی سەر بە یەپەگە بە ناوی ”توڕەیی زەیتون“ بازگەیەیان لە گوندی دێرسیوانی سەر بە شاری عەفرین داناوە.
لە بازگەکەدا، کە رۆژی دووشەممە 6/8/2018 دانراوە، چەکدارەکان عەکاش حاجی ئەحمەد عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی مەدەنیی عەفرینیان دەستگیر کرد و هەر لە نزیک بازگەکە، گوللەبارانیان کرد و کوشتیان.
یەپەگە ئەو ئەندامە کوردەی ئەنجومەنی عەفرین بە خیانەت تۆمەتبار دەکات و هۆشدارییش دەداتە ئەو کوردانەی دیکە، کە لەگەڵ بەرپرسانی ئێستای عەفرین مامەڵە دەکەن، کە هەمان چارەنووسی عەکاش حاجی ئەحمەدیان دەبێت.
دوای دەستبەسەرداگرتنی عەفرین لەلایەن سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا، عەکاش حاجی ئەحمەد وەک ئەندامی ئەنجومەنی مەدەنیی عەفرین دەست بەکار بوو.
لە رۆژی 20/1/2018ـەوە، سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا بە بەکارھێنانی ھێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، ھێرشیان کردووەتە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.
رۆژی یەکشەممە 18/3/2018، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی و چەکدارانی سوپای ئازاد دەستیان بەسەر عەفریندا گرت.
باسنيوز
