پەروەردە و هونەری قسەکردن لە تێڕوانینی ئیسلامدا

پەروەردە و هونەری قسەکردن لە تێڕوانینی ئیسلامدا

 

پەروەردەی قسەکردن لە ئیسلامدا یەکێکە لە بنەما هەرە گرنگەکانی پەیوەندییە مرۆییەکان و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست، ئارام، یەکگرتوو و پێکەوەژیانە. زمان تەنیا ئامرازێک نییە بۆ گواستنەوەی زانیاری و بیرۆکەکان، بەڵکو یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکانی دەربڕینی کەسایەتی، رەوشت، هۆشیاری و ئاستی پەروەردەی تاک. وشەکان دەتوانن کاریگەرییەکی قوڵ لەسەر هەست و هۆشیاری مرۆڤ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دابنێن؛ بۆیە شێوازی بەکارهێنانی زمان و هەڵبژاردنی وشەکان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی کۆمەڵایەتییەوە هەیە.لە ڕوانگەی ئیسلامەوە، قسەکردن بەشێکە لە ڕەفتار و ڕەوشتی مرۆڤ و لە چوارچێوەی بەرپرسیارییەتیی تاک بەرامبەر بە خۆی و کۆمەڵگە هەڵدەسەنگێنرێت. قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەر ﷺ بنەما و ڕێنمایییەکی ڕوونیان بۆ شێوازی قسەکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵک داناوە. لەوانەش کە مرۆڤ لە قسەکردندا ڕاستگۆ، دادپەروەر، نەرم و ڕێزدار بێت و لە هەر وشەیەک دووربکەوێتەوە کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن، ناکۆکی و تێکدانی پەیوەندییەکانی نیو کۆمەڵگە.
لە ئیسلامدا ڕفتار تەنیا بە کردارە دیارەکان سنووردار نییە، بەڵکو وشە و شێوازی قسەکردنیش بەشێکی گرنگی ڕەفتاری مرۆڤ پێکدەهێنێت. خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَقُولُوا لِلنَّاسِ حُسْنًا﴾«لەگەڵ خەڵک بە جوانی قسە بکەن.» ئەم ئایەتە بنەمایەکی گشتی بۆ پەیوەندیی مرۆڤەکان دادەنێت؛ چونکە فەرمان بە قسەکردنی جوان لەگەڵ خەڵک، نیشانەی ئەوەیە کە زمان دەبێت ئامرازێک بێت بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی دروست و مرۆیی، نەک هۆکارێک بۆ شکاندنی کەرامەت و متمانەی کەسانی تر بێت.لە هەمان کاتدا، قسەی جوان تەنیا بە وشەی خۆش سنووردار نییە، بەڵکو ڕێزگرتن لە بەرامبەر، نەرمونیانی، دوورکەوتنەوە لە سووکایەتی، هەڵبژاردنی وشەی گونجاو و ڕەچاوکردنی بارودۆخی وڵات و نیشتمان وکەسی بەرامبەر.یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ڕفتاری قسەکردن لە ئیسلامدا، هەستیاری و بەرپرسیارییە لە بەرامبەر هەر وشەیەک کە مرۆڤ دەیڵێت.
پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی:«مَنْ كَانَ يُؤْمِنُ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ فَلْيَقُلْ خَيْرًا أَوْ لِيَصْمُتْ»«ئەوەی باوەڕی بە خوای گەورە و ڕۆژی دوایی هەیە، با قسەی چاک بکات یان بێدەنگ بێت.» ئەم فەرموودەیە بنەمایەکی گرنگی بەرپرسیاریی ڕەفتار لە قسەکردندا دیاری دەکات. واتە مرۆڤ نابێت هەر بیرۆکە و وشەیەک بەبێ هەڵسەنگاندن و بیرکردنەوە دەرببڕێت، بەڵکو پێویستە پێش قسەکردن لە خۆی بپرسێت: ئایا ئەم قسەیە دەروستە؟ یان سوودی هەیە؟ ئایا کەسێک لەو قسەیە زیان دەبینێت؟ و ئایا ئەم کات و شوێنە بۆ گوتنی ئەو قسەیە گونجاوە؟ بەم شێوەیە، بێدەنگی لە کاتی نەبوونی قسەی بەسووددا دەبێتە بەشێک لە ڕەفتاری قسەکردن، چونکە ئامانج تەنیا زۆر قسەکردن نییە، بەڵکو قسەی بەسوود و بەرپرسیارانەیە.
قسەی چاک دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە بەهێزکردنی پەیوەندییە ناوەخۆی و کۆمەڵایەتییەکاندا بگێڕێت. کاتێک تاکەکانی کۆمەڵگە لە گفتوگۆکاندا ڕێز، ئارامی و نەرمونیانی بەکاردهێنن، ئاستی متمانە و هاوکاری لەنێوانیاندا بەرز دەبێتەوە.لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوەش، پەیوەندیی دروست لە نێوان تاکەکان بنەمایەکی گرنگی دروستبوونی متمانەی کۆمەڵایەتییە. گفتوگۆی ئارام و ڕێزدار دەرفەت بۆ تێگەیشتن لە بیروڕا جیاوازییەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە دابین دەکات. بۆیە دەتوانرێت بڵێین قسەی چاک تەنیا کاریگەرییەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
لە بەرامبەر قسەی چاکدا، قسەی خراپ دەتوانێت کاریگەریی نەرێنی لەسەر تاک و کۆمەڵگە دابنێت. جنێودان، سووکایەتی، درۆ، غەیبەت، بوختان، گاڵتەکردنی ناشیرین و هاندانی ناکۆکی، هەموویان دەتوانن متمانە لاواز بکەن و پەیوەندییە مرۆییەکان بخەنە مەترسییەوە.قوڕئانی پیرۆز بە ڕوونی ئاگاداری لە هەندێک شێوازی قسەکردنی زیانبەخش دەکات. خوای گەورە دەفەرمووێت:﴿يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا يَسْخَرْ قَوْمٌ مِنْ قَوْمٍ عَسَىٰ أَنْ يَكُونُوا خَيْرًا مِنْهُمْ﴾
ئەم ڕێنماییە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ پاراستنی کەسایەتی مرۆڤ و دوورکەوتنەوە لە سووکایەتی و گاڵتەکردن بە کەسانی تر. هەروەها قورئان لە غیبەت و بدگومانیش ئاگادار دەکاتەوە: ﴿وَلَا يَغْتَبْ بَعْضُكُمْ بَعْضًا﴾ئەم بنەمایانە پیشان دەدەن کە ئیسلام قسەکردن بە بابەتێکی تاکەکەسی نازانێت، بەڵکو بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پاراستنی ڕێزی مرۆڤەوە پەیوەستە.لە هەر کۆمەڵگەیەکدا جیاوازی بیرکردنەوە و بۆچوون هەیە و ئەمەش شتێکی سروشتییە. بەڵام جیاوازی بۆچوون نابێت ببێتە هۆی تێکدانی پەیوەندییە مرۆییەکان. لێرەدا ڕەوەشتی گفتوگۆ و شێوازی قسەکردن ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕێت.گفتوگۆی دروست پێویستی بە گوێگرتن، تێگەیشتن، ئارامی، ڕێزگرتن لە بۆچوونی بەرامبەر و دوورکەوتنەوە لە تووڕەیی و سووکایەتی هەیە.
ئەگەر تاکەکان بتوانن جیاوازییەکانیان لە چوارچێوەی گفتوگۆی ڕەوەشت و ڕێزداردا چارەسەر بکەن، زۆرێک لە ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانرێت بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە کەم بکرێنەوە.خێزان یەکەمین ژینگەیە کە منداڵ تێیدا شێوازی قسەکردن و مامەڵەکردن فێر دەبێت. بۆیە شێوازی گفتوگۆی دایک و باوک لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ منداڵەکان کاریگەرییەکی گرنگ لەسەر پەروەردەی زمان و ڕەفتاری منداڵ دادەنێت.
ئەگەر ژینگەی خێزان لەسەر ڕێز، گوێگرتن، گفتوگۆ و نەرمونیانی دامەزرابێت، منداڵیش ئەم شێوازە وەک نموونەیەکی ڕەفتاری وەردەگرێت. بە پێچەوانەوە، بەکارهێنانی وشەی توند، سووکایەتی و جنێودان کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر شێوازی پەیوەندیکردنی منداڵ دادەنێت.
پێویستە پەروەردە و ڕەوەشتی قسەکردن ببێتە بەشێکی گرنگی هەموو تاکیکی کۆمەڵگە و خێزان و قوتابخانەکان، چونکە دروستکردنی کۆمەڵگە تەنیا بە یاسا و دامەزراوەکان ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە تاکێکی بەرپرسیار هەیە کە بزانێت چی بڵێت، چۆن بیڵێت و کەی بیڵێت..

 


.د. عەبدولعەزیز مەنتک بەرپرسی ناوچەی بنەسڵاوەی يەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

Top