سەرکردەیەکی یەکێتی: ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوادەخرێ

 سەرکردەیەکی یەکێتی: ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوادەخرێ
سەرکردەیەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە ئەمریکا پێی باشە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوا بخرێت.

عەتا سەراوی، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی ڕایگەیاند، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ”لەکاتی خۆیدا ناکرێ و بۆ حەوت مانگی دیکە دوادەخرێت“، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە ”ئەمریکا پێی باشە کێشەی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەر بکرێت، ئەوکاتە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پەرێزگاکانی عێراق و کوردستان پێکەوە ئەنجام بدرێت“.

هەرچەندە بەرپرسانی یەکێتی بەردەوام باس لە پێویستیی دواخستنی هەڵبژاردن و کار بۆ دواخستنەکە دەکەن، عەتا سەراوی رایدەگەیەنێت، ”دواخستنی هەڵبژاردن هیچ پەیوەندیی بە یەکێتییەوە نییە، ھیچ حزبێک لەخۆی ڕانابینێ خەڵکی بچێتە سەر سەندوقەکانی دەنگدان“.

پێشتریش قوباد تاڵەبانی، کوڕی سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی رایگەیاندبوو، کە ”هەموو حزبەکان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنن، بەڵام کەس ناوێرێت ئەوە بدرکێنێت“.

لە بەرامبەردا، مەحمود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو قسانەی رەت کردەوە و رایگەیاند، ”نەدەبوو قوباد تاڵەبانی، ئەو مافە بەخۆی بدات بەناوی هەموو حزبەکانەوە قسە بکات، چونکە هەر حزبێک، هەر ڕا و هەڵوێستێکی هەبێت، لەڕێگەی دامودەزگای خۆیەوە ڕای دەگەیەنێت“.

مەحمود محەمەد هەروەها رایگەیاند، پارتی ”بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نییە".










باسنیوز
Top