پارێزگاری سلێمانی: ئەوانەی تەقەیان لە بارەگای پارتی کردووە پێویستە دەستگیر بکرێن
ھەڤاڵ ئەبووبەکر، پارێزگری سلێمانی، ڕایگەیاند: "ئێمە ئیدانەی ھێرشرکردنە سەربارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان و ھەر لایەنێکی دیکەی سیاسی دەکەین، چونکە بارەگای ھەموو حزبەکان بۆ ئێمە وەکوو یەک وایە و ئەرکی ئێمە پاراستنی ھەموو بارەگاکانە، بۆیە داوا لە ھاووڵاتیان دەکەم بە چاوێکی وردەوە مامەڵە بکەن، ھەروەھا ھێزەکانی ئێمە ھەموو کەس و بارەگا و ئۆرگانێکی جیاواز دەپارێزێت."
گوتیشی:" ھەر کەسێک دەستی لەو ڕووداوی تەقەکردنەدا ھەبێت، بێگومان دەدۆزرێتەوە و ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە، چونکە ئێمە نامانەوێ ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەم شارەدا تێکبحێت".
پارێزگاری سلێمانی، جەختی لەوەش کردەوە، بەدواداچوون بۆ ڕووداوی تەقەکردنەکەی بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین، ھەروەھا شەوی ڕابردوو ھێزەکانی پۆلیس و ئەسایش ڕۆڵی خۆیان بینیوە و لەسەر ھەوڵەکانی خۆیان بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە بەردەوام دەبن".
ماوەیەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دەووروبەری تەقە لە بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکرێت، درەنگانی شەوی ھەینی ٣⁄٨⁄٢٠١٨ لە شاری سلێمانی، چەند کەسێکی نەناسراو دەستڕێژی گوللەیان لە بارەگای لیژنەی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی کرد.
باسنیوز
