سەرۆک بارزانی: خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر نەبا بارودۆخی کوردستان باشتر دەبوو
رۆژی سێشەممە 7/8/2018، سەرۆک مەسعود بارزانی وتارێکی لە کۆنگرەی هەشتەمی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان پێشکەش کرد و هیوای سەرکەوتنی کۆنگرەکەی خواست.
سەرۆک بارزانی رایگەیاند، رۆڵی لاوان لە شۆڕشەکانی کوردستان گرنگ و کاریگەر بووە و زۆرێک لە سەرکردەکانی گەلەکەمان لە قوتابخانەی یەکێتیی لاوان دەرچوون و پشتیوانیی خۆی و پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ یەکێتیی لاوان نیشان دا.
لە بەشێکی قسەکانی دا، سەرۆک بارزانی رایگەیاند، گەلی کوردستان هەمیشە بەرگریی لە مافەکانی خۆی کردووە و هەرگیز هێرشی نەکردووەتە سەر مافی هیچ کەس و نەتەوەیەک، ”هیچ کاتێ ئێمە گرفتمان لەگەڵ گەلانی دیکە نەبووە، تەنیا کێشەمان لەگەڵ حاکمەکانی ئەو گەلانە هەیە“.
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، کە گەلی کوردستان پاشکۆیی هیچ گەل و وڵاتێکی قبوڵ نییە و ئامادەیە بۆ هەر دەرەنجامێک.
لەبارەی ریفراندۆمی گەلی کوردستانەوە، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، کە زۆر هەوڵی دا مافەکانی گەلی کوردستان لە عێراقی فیدڕالی پارێزراو بێت، بەڵام دەرکەوت ئەوان تەنانەت هاووڵاتیبوونی کورد لە عێراق قبوڵ ناکەن و ئەو دەستوورە پێشێل دەکەن، کە مافی هەموو پێکهاتەکانی گەرەنتی کردووە.
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، کە گەل و سەرکردایەتیی کوردستان هەوڵی دا بەشێوەیەکی ئاشتییانە لە عێراق جیابێتەوە، بەڵام حوکمڕانانی عێراق رازی نەبوون و بەزمانی ئاگر وەڵامیان دایەوە.
سەرۆک بارزانی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەری بە هۆکاری سەرەکیی نەگەیشتنە ئەنجامی ریفراندۆم و هێرشکردنە سەر کوردستان و داگیرکردنی بەشێکی خاکی کوردستان هەژمار کرد.
باسنیوز
