بڕیار لەسەر دەرماڵەی فەرمانبەران دەدرێت

 بڕیار لەسەر دەرماڵەی فەرمانبەران دەدرێت
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، لەگەڵ ئەوەی بابەتی دەرماڵە پێویستی بە رێکخستنەوە ھەیە، بەڵام مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران وەکوو خۆی بەردەوام دەبێت و خەرجیش دەکرێت.



سەبارەت بەو زانیارییانەی باس لەوە دەکەن، وەزارەتی دارایی دەرماڵەکان ببڕێت، سەرچاوەکە گوتی: "ھەر دەرماڵەیەک کە دراوە بە یاسا و بڕیاری پەرلەمان دراوە، لە دەسەڵاتی وەزارەتی داراییدا نییە بیانبڕێت“.



ئەو سەرچاوەیە جەختی کردەوە، ئەگەر رێکخستنەوەش بکرێت، دەرماڵەی کەسانی ناشایستە دەدرێتە کەسانی شایستە، کە لە بواری کاری خۆیاندا کار دەکەن.



بەپێی زانیارییەکان، دەرماڵەکان تاوەکوو ساڵی ٢٠١٩ نوێ کراونەتەوە، ئەگەر چاکسازییشی تێدا بکرێت، دەکەوێتە ساڵی داھاتوو.



سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ١٧ دەرماڵەی جۆراوجۆر ھەیە و مانگانە ١٤٤ ملیار دینار و ساڵانەش یەک ترلیۆن و ٧٠٠ ملیار دینار بۆ دەرماڵە خەرج دەکرێت.



لە ساڵی ٢٠٠٨وە حکوومەتی ھەرێم زیاتر لە دەیان دەرماڵەی بە فەرمانبەران داوە، بەڵام بەپێی پڕۆژە یاسای (چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان)، کە ئێستا لە پەرلەمانە و چاوەڕێ دەکرێت دوای ھەموارکردنی پەسەند بکرێتەوە، لەمەودوا خەرجکردنی دەرماڵەی تایبەت لە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکان تەنیا بۆ فەرمانبەر و کارمەندی شایستەیە، کە بە فیعلی خزمەت دەکەن.



ھیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاریی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان بۆ (باس) ئاشکرای دەکات:"دروستکردنی ژمێریاری ناوەندی دەبێتە ھۆی چارەسەری کێشەی دەرماڵەکان".



زیاتر گوتیشی: "بڕە پارەیەکی زۆر بۆ دەرماڵە تەرخان کراوە، ھەندێک دەرماڵە ھەیە پێویست ناکات دووبارە ببنەوە و بەشێکیان ناوی سەیر و سەمەرەیان ھەیە، لە وەزارەتێکەوە بۆ وەزارەتێکی تر جیاوازن، لە سیستمی ژمێریاریی ناوەندیدا سەرجەم ئەو جیاوازییانە ڕەچاو دەکرێن، کۆی گشتیی دەرماڵەکانیش لەلای حکوومەت ڕوون دەبێت".



مەدینە ئەیوب، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند: ”پرسی دەرماڵەی فەرمانبەرانمان لە پڕۆژە یاسای چاکسازیی مووچە دەرھێنا و ئاڕاستەی حکوومەتمان کردووە، دەبێ حکوومەت بانگی وەزارەتەکان بکات تا رێنماییەک دەربکات بۆ پرسی دەرماڵە، کە لە بەرژەوەندیی ھەموو فەرمانبەراندا بێت“.



١٩ دەرماڵە ھەیە ھیچ یاسایەکیان لەپشت نییە و تەنیا بە بڕیار و رێنمایی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکان دەدرێت، ئەوانەی تریش بەپێی یاساکانی ھەرێم و عێراق دەدرێن.



روونیشی کردەوە، شتی لەو جۆرە نییە کە دەرماڵەی ھەموو فەرمانبەران بڕدرێت یان دەستکاری بکرێت، گوتیشی: "ئەگەر حکوومەت ھەر ھەنگاوێک بنێت تەواوی دەرماڵەی فەرمانبەران نابڕیت، بەڵکوو ڕێک دەخرێنەوە و بەشێکیش لە دەرماڵەی نایاسایی دەبڕدرێن، جگە لەوەش، ناکرێت تەواوی دەرماڵەی مووچەخۆران بەیەکجاری ببڕێت".



دەرماڵەی بڕوانامە و ھاوسەر و منداڵ لە دەرماڵە جێگیرەکانن، ھەرچی دەرماڵەکانی تری جوگرافی و پیشەیی و ترسناکی و پایە و بەش ھەیە، جێگیر نین و لە فەرمانگەیەک بۆ فەرمانگەیەکی تر جیاوازییان ھەیە.



بەپێی ئامارەکان ٤٣%ی مووچە بۆ مووچەی بنەڕەتیی فەرمانبەران دەچێت و لە ٥٧%ی بۆ دەرماڵەی جێگیر و پیشەییەکانی فەرمانبەران دەچێت.



سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی پێی وایە: "تەنیا لە ٢٠% فەرمانبەران دەرماڵەی پیشەیی بە شایستەیی وەردەگرن و تەنیا دەرماڵە جێگیرەکان کە دەکاتە دەرماڵەی بڕوانامە، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش دەکرێن".




باسنیوز
Top