وەزارەتی دارایی بڕیاری خەرجكردنی بڕە پارەیەكی دەركرد
وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند كە بڕیاری داوە بڕە پارەی پێویست بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون و كارەبای سلێمانی تەرخان بكات.
بەپێی راگەیاندراوێكی وەزارەتی دارایی كە كۆپییەكی نێردراوە، ئەمڕۆ دووشەممە ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی كۆبوونەتەوە، پارێزگاری سلێمانی باسی لە كێشە و گرفتی هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ وەزیری دارایی كردووە.
لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە كە لە كۆبوونەوەكە رێباز حەملان باسی لەوە كردووە لەسەر راسپاردەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، بەمەبەستی خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی پارێزگای سلێمانی، پارەی پێویست تەرخان كرا بۆ پڕۆژەكانی نیشتەجێبوونی زڕگوێز و سیتەك، كە دوو هەزار و پێنجسەد یەكەی نیشتەجێبوونە بۆ هاووڵاتیانی كەمدەرامەت.
هەروەها بڕێك پارەی بۆ دابینكردنی پێداویستی فەرمانگەكانی پارێزگای سلێمانی تەرخان كرا بۆ راییكردنی ئیشوكاری فەرمانگاكان و هاووڵاتیان، تیایدا هاتووە "زیاتر لە دوو ملیار دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبای سلێمانی تەرخان كرا بەمەبەستی كڕینی محاویلە و هێڵەكانی كارەبا بۆ چارەسەركردنی كێشەی كارەبا لە سنووری پارێزگاكە".
وەزیری دارایی و ئابووری دووپاتی كردووەتەوە كە سەرەڕای دابەشكردنی مووچە لە كاتی خۆیدا، ئێستە حكوومەتی هەرێم لە هەوڵی تەواودایە بۆ بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە پێناو خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان.
bas news-
