كەركووك.. زەوی كشتوكاڵی جووتیارانی كورد لەلایەن عەرەبەكانەوە داگیر دەكرێت
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ڕای دەگەیەنێت، کە لە سنووری كەركووك، زەوی كشتوكاڵی جووتیارانی كورد لەلایەن عەرەبەكانەوە داگیر دەكرێت.
ئازاد جەباری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ڕاگەیاند: "لە سنووری كەركووك، زەوی كشتوكاڵی جووتیارانی كورد لەلایەن عەرەبەكانەوە داگیر دەكرێت و هێنانەوەی ئەو عەرەبە هاوردانەی كە پێشتر هێنرابوون بۆ كەركووك و پاشان گەڕانەوە شوێنەكانی خۆیان، بەڵام ئێستا جارێكی تر دەگەڕێنەوە كەركووك".
ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ئەوەشی خستە روو، کە كۆبوونەوە لە نێوان بەرپرسانی عەرەب و توركمان كراوە كە كاری زیاتر بكەن بۆ بەدەستهێنانی پۆستەكانی كورد لە كەركووك و پاشان بەهۆی ئەوەی توركمان داوای پۆستی پارێزگاری كەركووكی كردووە، كۆبوونەوەكانی نێوانیان تێك چووە، بەڵام تاوەكو ئێستا پرۆسەی تەعریبكردنەوەی كەركووك بەردەوامە.
لە 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، بە رێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكار، كەركووكیان داگیركرد و لەو كاتەوە جگە لەوەی دۆخی ئەمنی كەركووك تێك چووە، پرۆسەیەكی چڕی تەعریبكردنەوە لە پارێزگاكە دەستی پێكردووە.
bas news-
