گۆڕان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن چاوی لە هاوکارییە داراییەکانی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفایە
لە پاش کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، خاوەندارێتیی سەرجەم موڵک و ماڵەکانی بە کۆمپانیای (وشە) و گردی زەرگەتەی مەکۆی سەرەکیی گۆڕان و میدیای فەرمیی حزبەکەشەوە، خرانە سەر ناوی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا و گۆڕان هەموو ئەو موڵک و ماڵەی لە دەست دا کە هەیبوو، ئێستا گۆڕان چاوەڕوانە بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتی هەڵبژاردن، کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا هاوکاریی داراییان بکەن.
لەمبارەیەوە ئاواتی شێخ جەناب، بەرپرسی ژووری دارایی بزووتنەوی گۆڕان، ڕایگەیاند: "ماوەی چوار ساڵ زیاترە گۆڕان بودجەی لە حکوومەت و ھیچ حزبێکی سیاسی وەرنەگرتوووە و لەکاتی ھەڵبژاردنەکاندا پشتمان بە کۆمەکی ماددیی ھەڵسووڕاوەکانی خۆمان بەستووە، تاوەکوو بتوانین بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ لیستی گۆڕان بکەین“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، چاوەڕێی هاوکاریی ھەڵسووڕاو و لایەنگرانیان دەکەن.
ئاواتی شێخ جەناب ئاشکرای کرد: ”کوڕەکانی نەوشیروان مستەفاش، وەک کۆمپانیای (وشە)، ھاوکاریی گۆڕانیان کردووە، بەڵام ئەو ھاوکارییە لەپارەی کارگەکەیە، بێگومان لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوودا پارەیان بۆ گۆڕان خەرج کردووە و لەم ھەڵبژاردنەشدا پارە دەدەن بە گۆڕان“.
باسنیوز
