بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سلێمانی تەقە لە بارەگایەکی پارتی كرا
دانا شەھید جەزا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند "کاژمێر نزیکەی یەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٤/٨/٢٠١٨، لەنێو ئۆتۆمبێلێکەوە تەقە لە بارەگای لیژنەی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی سەر بە لقی ٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە و ژمارەیەک فیشەک بەر دەرگا و پەنجەرە و دیوارەکانی بیناکە کەوتووە، بەڵام ھیچ زیانێکی گیانیی بەدواوە نەبووە".
ڕوونیشی کردەوە، دوای ماوەیەک ئۆتۆمبێلەکە گەڕاوەتەوە و جارێکیتر تەقەی کردووە بەسەر بارەگاکەدا و لەلایەن پێشمەرگەکانی بارەگاکەشەوە تەقە کراوە بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا و ڕۆشتووە.
دانا شەهید جەزا ئاشکرای کرد کە دوای ڕووداوەکە، تیمەکانی بەڵگەی تاوان و ئاسایش گەیشتوونەتە بارەگاکە و داوای کامێراکانی چاودێرییان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە ڕووداوەکە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە شاری سلێمانی، بە شێوەیەکی بەردەوام بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکرێنە ئامانج و ساڵانە چەندان جار تەقەیان لێ دەکرێ و هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیش تائێستا کۆتاییان بەم هێرشانە بۆ سەر بارەگاکانی پارتی نەهێناوە.
باسنیوز
