وەزارەتی خوێندنی باڵا کۆچەر بیرکار بانگهێشتی هەرێمی کوردستان دەکات
د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا لە نامەیەکەیدا کۆچەر بیرکار بانگهێشتی کوردستان دەکات و پێی دەڵێت خۆشحاڵ دەبین کە ئەزوونی سەرکەوتنەکانت بۆ مامۆستا و قوتابییەکانمان باس بکەی.
لە نامەکەدا کە وێنەیەک دەست کەوتووە هاتووە"لەناخى دڵمەوە بە وەرگرتنى خەڵاتى فیڵدزى بیرکارى لەلایەن کۆچەر بیرکار خۆشحاڵ بوم، كە لە بوارى زانستى بیرکاری بەدەستت هێناوە، سەرکەوتن لەو بوارە گرنگەدا خۆشحاڵ و دڵخۆشى کردین، بۆیه بەناوى خۆم و سەرجەم زانستخواز و ئەکادیمستانى هەرێمى کوردستان پیرۆزبایى وەرگرتنى ئەم خەڵاتەت لێدەکەم، هیواخوازم بتوانیت لە داهاتودا بەم زانستە نوێییە خزمەتى زیاتر بە مرۆڤایەتى لە تەواوى جیهان بکەیت".
وەزیری خوێندنی باڵا بە بیرکار دەڵێ" خۆشحاڵ دەبین لە دەرفەتێکى نزیکداو لە بۆنەیەکى زانستى نیشتیمانیدا بتوانیت ئەزمونى سەرکەوتنەکانت لەبوارى بیرکارى، لەناوەندە ئەکادیمى و مەعریفییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ مامۆستا و خوێندکاران باس بکەیت و، بەم زانستە تازەى خەڵاتت لێى بەدەستهێناوە خزمەتێک بە دۆخی خوێندن و زانست و مەعریفە لە کوردستان بکەیت".
د. یوسف گۆران ئەو زانا کوردەی بواری زانستی بیرکاری بە شانازییەکی گەورە بۆ گەلی کوردستان وەسف دەکا و دەشڵێ"دەبێت هەموان بەتایبەت گەنجەکانمان سود لە ئەزمون و کارەکانت وەربرگرن، بۆ ئەوەى لە داهاتوودا دەیان و سەدان کۆچەر بیرکار پێ بگەیەنین بۆ ناسناندن و تێکەڵبون بە دونیاى پێشکەوتوى زانست و لێکۆڵینەوەى زانستى لەجیهاندا".
رۆژی چوارشەممە 1-8-2018 لە ریۆ دی جانیرۆی بەرازیل مەراسیمی خەڵاتی فیڵدزی بواری بیرکاری بەڕێوەچوو، چوار کەس خەڵاتەکەیان بردەوە، یەکێکیان کۆچەر بیرکار، پڕۆفیسۆری بواری بیرکاری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو.
باسنیوز
