"ھۆشداری دراوەتە وەبەرھێنەران پرۆژەکانیان تەواو بکەن"
لە ھەرێمی کوردستان ١٨٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە چوارچێوەی پرۆژەکانی وەبەرھێناندا دروست کراون، بەڵام بەشێک لە وەبەرھێنەرەکان پابەندی گرێبەستەکانیان نین بۆ تەواوکردنی پرۆژەکانیان. لەوبارەیەوە د.نووری عوسمان، سەرۆکی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان بەوەکالەت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیار دراوە ھەموو پرۆژەکانی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان تەواو بکرێن و ئەو وەبەرھێنەرانەی پابەندی بڕیاری حکوومەت نابن بۆ تەواوکردن و دەستپێکردنەوەی پرۆژەکانیان لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، چونکە نابێ ھیچ پرۆژەیەک بمێنێتەوە و بە یەکجاری تەواو نەکرێت، ئێستا پێوەندی بە زۆرێک لە پرۆژەکانەوە کراوە و ھۆشداریمان داوەتە کۆمپانیاکان بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆژەکانیان."
پەیوەست بە لێپرسینەوە لەگەڵ وەبەرھێنەرە کەمتەرخەمەکان، سەرۆکی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان بەوەکالەت دەڵێت: "لە ھەولێر و دھۆک ژمارەیەک وەبەرھێنەر بە ھۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوونیان بە پرۆژەکانیانەوە دەستگیر کراون و بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ھەر وەبەرھێنەرێک دەکرێت، ئەو کاتەی پابەندی گرێبەستەکەی خۆی نەبێت."
لەبارەی پێدانی مۆڵەت بە پرۆژەکانی نیشتەجێبوونەوە، د.نووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان پێدانی مۆڵەت بە پرۆژەکانی وەبەرھێنان لە کەرتی نیشتەجێبووندا ڕاگیراوە، ھەتا پێداچوونەوەیەکی تەواوی بۆ نەکرێت مۆڵەت بە پرۆژەی نوێ نادرێت."
kdp-
