عەلی عەونی: پارتی ڕژدە لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا

 عەلی عەونی: پارتی ڕژدە لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا
ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی ئاشکرای کرد، سەرەڕای ھەوڵی ھەندێ لایەن بۆ دواخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە، بەڵام پارتی ڕژدە لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و دەشڵێ، پارتی دەستی بە ئامادەکاری کردووە بۆ ئەوەی زۆرترین کورسی بەدەست بێنێت.

ھەرچەندە بەشێکی لایەنە سیاسییەکان خەریکی خۆئامادەکردنن بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام لێرەولەوێش ھەندێ لایەن دەخوازن ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام نەدرێت و دوا بخرێت. لەوبارەیەوە عەلی عەونی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕاستە ھەندێ لایەنی سیاسیی ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی ھیچیان نەچاندووە تا بیدوورنەوە ھەوڵی ئەوە دەدەن ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا ئەنجام نەدرێت و بۆ کاتێکی دیکە دوا بخرێت، بەڵام ئێمە وەک پارتی ڕژدین لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا، ٣٠ی ئەیلوولی دابێت، لە ئێستاوە ئامادەکاریی خۆمان دەکەین بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بەدەست بێنین."

ئەندامەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی ڕوونی کردەوە: "پارتی حزبی میللەتە و پێشبینی دەکەین لە ھەڵبژاردنی دابێت زۆرترین کورسیی پەرلەمان بەدەست بێنین، چونکە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش خەڵکێک پڕۆپاگەندەی ئەوەیان دەکرد کە فاتیحە بۆ پارتی دەخوێنن و دەنگی پارتی زۆر کەم دەبێتەوە، کەچی پێچەوانەکەی بۆ ئەوان بەرھەم ھات و میللەت خۆی کرد بە خاوەنی پارتی و کورسیی پارتی دیار بوو بەراورد بە لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراقدا."

لەبارەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش، عەلی عەونی دەڵێت: "ئێمە زۆر ھەوڵمان دا ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت، بەڵام دیارە ھەندێ لایەن ویستیان لە کاتی خۆیدا نەکرێت تا ھەڵبژاردنی پەرلەمانیش دوا بخرێت، ئێمە وەک پارتی ڕژدین لەسەر ئەوەی دەبێ ئەمساڵ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش بەڕێوە بچێت، لەبەر ئەوەی بە پێی قانوون کاتی بەسەرچووە و نابێ مافی خەڵکی پێشێل بکرێت لەوەی ھەڵبژاردن دوا بخرێت."
kdp-
Top