هۆزه عه‌ره‌به‌كان بۆ کۆمکاری عەرەبی: ڕێ لە حەشدی شیعە بگرن
سێ شێخی هۆزی خه‌زره‌ج كه سوننه‌مه‌زهه‌بن ته‌رمه‌كانیان به كوژراوی دۆزراونه‌ته‌وه و ئه‌و هۆزه‌ش گرووپی عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌ق به كوشتنی ئه‌و سێ شێخه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن و باسیان له‌وه كردووه بێده‌نگ نابن، تاوه‌كو تۆڵه‌ی شێخه‌كانیان نه‌كه‌نه‌وه.
هۆزه عه‌ره‌به‌كانی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان له ڕاگه‌یندراوێكدا كه كۆپییه‌كی بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان نێردراوه، ڕایانگەیاندووە: "تیرۆركردنی هه‌رسێ شیخ، عه‌باس عهراك ئهلخهزرەجی و قاسم عهراك ئهلخەزرهجی و عناد ئهلخەزرهجی ئیدانه ده‌كه‌ین كه دوای ئه‌وه‌ی ڕفێندران له لایه‌ن عه‌سائیب ئههلولحهقە له نزیك قه‌زای دوجێل كوژراون و دواتریش فڕێدراون له ناوچه‌ی باكووری به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی تاوانه‌كه‌یان بشارنه‌وه، بۆیه پشتگیریی خۆمان بۆ عه‌شیره‌تی خه‌زره‌ج و هه‌موو عه‌شیره‌ته‌كانی دجێل دووپات ده‌كه‌ینه‌وه و داوا له پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین و ئه‌نجومه‌ن و هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ین تاوانباران ئاشكرا بكه‌ن له هه‌ر پله و پۆستێكدا بن و مافی خاوه‌ن حه‌ق نه‌خورێت."
له ڕاگه‌یەندراوه‌كه‌دا هاتووه: "پێویسته حه‌شدی شه‌عبی له قه‌زای دووزخورماتوو و ناوچه‌كانی دیكه بكشێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌منییه‌ت بۆ ئه‌و ناوچانه بگه‌ڕێته‌وه، بۆیه پێویسته كۆمكاری عه‌ره‌بی ڕۆڵیان هه‌بێت و ئێمه‌ش نامه‌یه‌ك بۆ سه‌رۆكی كۆمكاری عه‌ره‌بی ڕه‌وانه ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستوه‌ردان بكه‌ن و ئه‌و هێرشانه‌ی ده‌كرێنه سه‌ر هۆزه عه‌ره‌به‌كان ڕابگیرێن و ڕێ لە حەشدی شیعە بگرن."
kdp-
