یەکێتی ناتوانێ پۆستی سەرکردە کۆچکردووەکانی پڕ بکاتەوە
ڕۆژی ٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، جەلال تاڵەبانی، کۆچی دوایی کرد و پۆستی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەتاڵی مایەوە کە لەگەڵ کۆچی دوایی کردنیشی، هێڵی گشتیی نێو یەکێتی کە باڵێکی سەر بە جەلال تاڵەبانی بوو، لەنێو باڵەکانی حزبەکەدا پووکایەوە. دواتر لە ڕۆژی ١٨ی ئایاری ٢٠١٨، یەکێتی بە فەرمی کۆچی دواییکردنی عادل مورادی راگەیاند و تاوەکوو ئێستاش هاوشێوەی پۆستەکەی تاڵەبانی، پۆستی سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی بە بەتاڵی ماوەتەوە.
پڕنەکردنەوەی پۆستی سەرکردە کۆچکردووەکانی نێو یەکێتی، بۆ ململانێی باڵەکانی نێو حزبەکە و ڕێکنەکەوتنیان لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستەکان و ترسیان لە ڕانەگرتنی هاوسەنگیی نێوان باڵەکان لەلایەن ئەو کەسانەی پۆستەکان پڕ دەکەنەوە، دەگەڕێتەوە.
لەمبارەیەوە فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕايگەیاند، کۆچی دوایی ھەریەک لە مام جەلال، سکرتێری گشتی و عادل موراد، سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی کە دەستەی دامەزرێنەری ئەم حزبە بوون، کاریگەری زۆریان ھەبووە لەسەر ڕەوتی بەڕێوەچوونی ڕیزەکانی یەکێتی.
بە گوتەی ئەو، بەپێی ڕێساکانی یەکێتی، دەرفەتێک ھەیە بۆ ئەوەی کەسانێک کارەکانی سەرکردە کۆچکردووەکانی حزبەکە بەڕێ بکەن، بەڵام ”ھەمیشە لەناو یەکێتی بەڕێزێکی زۆرەوە تەماشای دەستەی دامەزرێنەرانی یەکێتی کراوە، چونکە خودی ئەو سەرکردانە ئەو پڕۆژەیان ھێناوەتە کایەوە و کردوویانە بە پڕۆژەیەکی گەورە کە کاریگەریی سیاسیی زۆر گەورەی لەسەر پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان ھەبووە“. گوتیشی: ”جێگەی ئەو دوو سەرکردەیە بە ئاسانی پڕناکرێتەوە“.
ئەسەسەرد ڕوونی کردەوە: ”ژیان ناوەستێ و ھەمیشە کەسانی نوێ جێگەی ئەو کەسانە دەگرنەوە کە لە ژیاندا نامێنن، دواجار ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی دەتوانن بۆ خۆیان کۆببنەوە و کەسێک بۆ ئەو پۆستە ھەڵبژێرن، بەڵام ئەوان دەڵێن، لەبەر ڕێزمان بۆ عادل موراد، ئێمە جارێ ھیچ کەسێک ھەڵنابژێرین، بەڵام ئێمە پڕکردنەوەی جێگەی ئەو سەرکردەیە ھەڵدەگرین بۆ کاتی کۆنگرە“.
باسیشی لەوە کرد کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، کۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری یەکەمی جەلال تاڵەبانییە و ”لەکۆنگرەدا خودی مام جەلال، کۆسرەت ڕەسوڵی ھەڵبژاردووە، بێگومان لەکۆبوونەوەی پێش ھەڵبژاردنەکان، ھەموو دەسەڵاتێکی سکرتێری گشتی دراوە بە کۆسرەت ڕەسوڵ، بۆیە ھەموو ئەنجومەنی سەرکردایەتی پابەندە بە ڕێنمایی و کارکردنی کۆسرەت ڕەسوڵ“.
بە گوتەی فەرید ئەسەسەرد، یەکێتی بڕیاری بەستنی کۆنگرەی داوە و ”لێی پەشیمان نابێتەوە“. گوتیشی: ”کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجومەنی سەرکردایەتی تایبەت دەبێ بە یەک بابەت، ئەویش کۆنگرەی چوارەمە، بێگومان لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری یەکجاری لەسەر بەستنی کۆنگرەی یەکێتی دەدەین“.
باسنيوز
