شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای پاسداران و هێزیکی دژبەری ئێران یازدە چەکداری سوپا کوژراون

شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای پاسداران و هێزیکی دژبەری ئێران یازدە چەکداری سوپا کوژراون
ماڵپەڕی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران (ئیرنا) لەزاری بەڕێوەبەری گشتیی ئەمنیی پارێزگای سنەوە بڵاوی کردوەتەوە، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای پاسداران و هێزیکی دژبەری ئێران یازدە چەکداری سوپا کوژراون و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون.



ڕەزا میرزایی، ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕووداوەکە کاتژمیر 2 هەتا چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لە ناوچەی سەوڵای سەر بە پارێزگای سنە ڕووی داوە و هەتا ئێستا هیچ پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بەرپرسیارێتیی ئەو شەڕەی نەگرتووەتە ئەستۆ.



سەرچاوە خۆجییەکان باس لەوە دەکەن کە شەڕەکە لە نێوان گوندەکانی "دەرێ و نشکاش"ی سەر بە شاری سەوڵاوای سەر بە سنە ڕووی داوە و هەشت کەس لە کوژراوەکان ئەندامانی کورد و خەڵکی گوندی "پایگەلان" و سێ کەسی دیکەشیان خەڵکی شاری "قوروە"ن.



ماڵپەڕی مافی مرۆڤی هەنگاو لەمبارەوە بە پشتبەستن بە سەرچاوە ناوخۆییەکانی ڕۆژهەڵاتی وکردستان بڵاوی کردووەتەوە کە پاش ئەو شەڕ و پێکدادانە، حکوومەت لە شاری مەریوان و دەوروبەری ڕێوشوێنی توندی ئەمنیی گرتووەتە بەر و بریندارەکانی سوپای پاسداران بە 13 ئامبۆلانس بۆ نەخۆشخانەی بووعەلی سینای مەریوان گوزراونەتەوە.



ناوی کوژراوەکانی ئەو شەڕ و پێکدادانە بەپێی زانیاریی میدیا فەرمییەکانی حکوومەتی ئێران بریتین لە:

مێحراب عەبدی، قانع کەریم وەیسە، فەرزاد ڕەحیمی، ئیبراهیم حەزرەتی، عەبدولڕەحمان خالیدی، ئیرەج ڕەحیمی‌نیا، ئارام فەیزی، شادمان مورادی، بورهان موعین‌پوور، تالب مەحموودی و ئارەش ڕەزایی.



بەپی زانیاری و هەواڵی میدیاکانی حزبی دیموکراتی وکردستانی ئێران و پارتی ژیانی ئازادی وکردستان (پژاک) لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێشمەرگە و گەریلاکانی ئەو دوو لایەنە لە ناوچەکانی مەریوان و پاوە و نۆدشە لەگەڵ سوپای پاسداران دەرگیر بوون و لە پاوە و مەریوان چوار گەریلای پەژاک شەهید بوون.




باسنيوز
Top