ئێران لە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بەردەوامە
ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مەرۆڤی (هەنگاو) لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2018/7/19 تۆپخانەکانی سوپای پاسداران ناوچە سنوورییەکانی ورمێ و شنۆیان تۆپباران کردووە و هاوکات دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازی بە چەکوچۆڵەوە ڕەوانەی ناوچەکانی تەرگەوەڕ و کوێستانەکانی دەوروبەر و سنووری شنۆ کردووە.
بەپێی هەمان سەرچاوە تۆپخانەکانی سوپای پاسداران شەوی ڕابردووش کویستانەکانی ورمێ و شنۆیان لە سنووری باشووری کوردستان داوەتە بەر تۆپ و بەبێ هۆ خەسار و زیانێکی زۆریان بە سروشتی ئەو ناوچانە گەیاندووە.
لە چەند مانگی ڕابردوودا سوپای پاسداران و هێزەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی بە بیانووی بوونی پێشمەرگەی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناوچە کویستانی و نسوورییەکانی کردووەتەوە ئامانج و وێڕای تۆپبارانی خەست و سووتانی ڕەز و باخ و سروشتی کوردستان، هاوکات هێزیکی زۆری بە چەکوچۆڵی قورسەوە لە ناوچە سنوورییەکان جێگر کردووە و لە دەیان جێگە بنکەی سەربازیی داناوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی سەر بە حدکا، سێ ڕۆژ لەمەوبەر بەهۆی تۆپبارانی تۆپخانەکانی ئێران لە سنووری ناحیەی سیدەکان، دوو پێشمەرگەی ئەو حزبە بەناوەکانی ڕەحیم ڕۆستەم داستان و ئیدریس دەروێشی شەهید بوون.
باسنيوز
