سۆران.. ڕەوەند و كۆچەرەكان لە ترسی تۆپباران ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌

سۆران.. ڕەوەند و كۆچەرەكان لە ترسی تۆپباران ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌
بەردەوام توركیا و ئێران هەر دوو ناوچەی سیدەكان و حاجی ئۆمەران بۆردوومان و تۆپباران دەكەن و، بەو هۆیەوە بە دەیان ڕەوەند و كۆچەر شوێنەكانی خۆیان جێ هێشتووە و ناتوانن بگەڕێنەوە، بەشێكی زۆری لەوەڕگا و پوش و پاوانی ناوچەكەیش سووتاوە و زیانێكی زۆری ژینگەییش بەر ناوچەكە كەوتووە.

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، بەردەوام و بە سەختی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە ناوچەكانی خنێرە، لۆلان، خواكوڕك، گەلی موخارێ لە دەڤەری برادۆست بۆردوومان دەكەن، كە توركیا هێرشە ئاسمانی و زەمینییەكانی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان چڕ كردووەتەوە، بەشێكی گوندنشینانیش ناچار بوونە ماڵ و حاڵیان جێ بهێڵن.

فەرزنگ ئەحمەد، بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئێران ماوەیەكە ناوچە سنوورییەكانی حاجی ئۆمەران تۆپباران دەكات، بە هۆی تۆپبارانەكەی دوێنێیشەوە هاووڵاتییەك بریندار بووە و زیانی زۆری ماددەی بەر ڕەز و باخەكان كەوتووە و بە دەیان سەر مەڕ و بزن گیانیان لە دەست داوە".

ئەحمەد گوتیشی: "ڕاستە تۆپبارانەكە نەماوە، بەڵام ڕەوەند و كۆچەرەكان ناوچەكانی خۆیان جێ هێشتووە و لە ترسی تۆپبارانەكە ناتوانن بچنەوە ئەو ناوچانە".

لە لایەكی دیكەوە، لە سنووری سیدەكان بە هۆی تۆپبارانی پاسدارانی ئێرانەوە، ئاگر لە چەند ناوچەیەك كەوتووەتەوە و، بە دەیان رەز و باخ و بێستان سووتاون و بە دەیان گوندیش بەر تۆپبارانەكە كەوتوونە، هەروەها ڕەوەند و كۆچەرەكانیش ناوچە كوێستانییەكانیان چۆڵ كردووە و تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان.
kdp-
Top