سەرکردەیەکی باڵای گۆڕان: یەکێتی بە ڕێککەوتن بڕە پارەیەکی پێمان دەدا و ئێستا بڕیویەتی
خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "یەکێتی تۆمەتی گەندەڵی و وەرگرتنی پارە بۆ ئێمە درووست دەکات، بەڵام ئێمە ھیچ پارەیەکمان وەرنەگرتووە و باشترە پرسیار لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی بزانن ئاخۆ گۆڕان ھیچ بڕەپارەیەکی وەرگرتووە؟ ھەرچەندە بەپێی یاسای پەرلەمانی کوردستان، پێویستە ھەموو حزبێک بڕە پارەیەکی دیاریکراو لە حکوومەت وەربگرێت، بۆیە ئەگەر ئێمە فلسێکمان وەرگرتبێت، بێگومان ئەوکاتە حکوومەت دەزانێ و ئەوکاتە بۆ ھەموو لایەک ڕوون دەبێتەوە“.
ئەندامەکەی جڤاتی گشتیی گۆڕان، ئەوەشی خستە روو، کە کاتی خۆی گۆڕان و یەکێتی لەسەر بڕە پارەیەک ڕێککەوتوون، خودی خۆی بەدواداچوونی بۆ ئەو بڕە پارەیە کردووە. گوتیشی:“بەر لەوەی نەوشیروان مستەفا کۆچی دوایی بکات، ھەندێکجار یەکێتی بڕەپارەیەکی بە بزووتنەوەی گۆڕان داوە، بەڵام ماوەیەکی زۆرە یەکێتی ئەو بڕە پارەیەی بڕیوە، ھەرچەندە ئێمە کەناڵی ڕاگەیاندن و کارمەندمان ھەیە، خۆ کفر نییە ئێمە شتێک پارەمان ھەبێت، بۆ ئەوەی ئیشوکارەکانی بزووتنەوەی گۆڕانی پێ بەڕێوەبەرین، لەکاتێکدا ئێمە وەکوو ئەوان نەوت و خاڵی سنووری و کۆمپانیای بازرگانیمان نییە، ئیتر نازانم بۆچی ئەوە لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان بەوشێوەیە گەورە کراوە“.
ئاشکراشی کرد، کە کاتی خۆی کاتێک نەوشیروان مستەفا، کۆمپانیای (وشە)ی دامەزراندووە، بڕە پارەیەکی لە مام جەلال وەرگرتووە. بە گوتەی ئەو، ئەگەر شتێکیشی مابێتەوە، کردوویەتی بە سەرچاوەیەک بۆ بەڕێوەبردنی ئیش و کارەکانی گۆڕان.
خەلیل سەرکانی دەڵێ: ”لەوکاتەوە یەکێتی ھیچ پارەیەکی پێ نەداوین، ئەوانەشی ئێستا باسی ئەوە دەکەن، کۆمەڵێک کەسی بێ ئیشوکارن، دواجار ئێستا یەکێتی بەدزینی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە ڕازی نابێت، چونکە ئێستا شوێنە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە ھەڵدەدەنەوە و دەیانەوێ تاڵانی بکەن“.
خەلیل سەرکانی، ئەندامەکەی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ئاماژەی بەوەش دا یەکێتی خۆی بەرپرسیارە لە بەھەدەردانی سامانی گشتی و ئەوان لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردندا دەمانچە بەسەر قوتابی زانکۆ دابەش دەکەن، لەکاتێکدا دەبێ کۆمپیوتەر و ئامێری تەکنەلۆژیا بەسەر قوتابیان دابەش بکەن. گوتیشی: ”کاتی خۆی مەلا بەختیار، مەلەفی پارەی ژێرزەمینەکانی ھەڵدایەوە، بەڵام ئەو پارەیەی یەکێتی بردوویەتی، لە پارەی ژێرزەمینەکان زیاترە و پێویسە خودی مەلا بەختیار قسە لەسەر ئەو ژێرزەمینانە بکات“.
باسنيوز
