مەحمود سەنگاوی هۆکاری بەشدارینەکردنی لە کۆبوونەوەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاشکرا کرد
ئەمڕۆ سێشەممە 17ی تەمووزی 2018، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لە سلێمانی کۆبووەوە، بەڵام مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبەکە بەشداری تێدا نەکرد.
لەمبارەیەوە مەحموود سەنگاوی ڕايگەیاند: ”من ئێستا لە مۆسکۆم و بە ئیشێکی تایبەتیی خۆم ڕۆشتووم، ئەوەش ھۆکاری ئامادەنەبوونمە لە کۆبوونەوەکە“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە لەبارەی کۆبوونەوەکەوە ئاگادار کراوەتەوە، بەڵام ”مۆڵەتم لە جەنابی کاک کۆسرەت ڕەسووڵ وەرگرت“.
سەنگاوی ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن، ئەگەر هەیە باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی ئاستەنگیان بۆ درووست کردبێت و گوتی: ”بەهیچ شێوەیەک راست نییە، یەکێتی حزبی خۆمە و کەس ناتوانێت کێشەم بۆ درووست بکات، من لە ناو یەکێتیشدا پیاوێکی بێھێز نیم“.
باسنيوز
