لە ئێران دەست بەسەر چەندین ملیۆن دۆلاری سلێمانیدا دەگیرێت
یاسین رەحیم، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بە (باس)ی راگەیاند، بڕە پارەیەکی خەڵکی سلێمانی لە ئێران دەستی بەسەردا گیراوە، گوتی: «بڕێک پارەی بازرگانانی سلێمانی، ئەوانەی کاری ئاڵوگۆڕی دراو دەکەن. لە ئێران دەستیان بەسەردا گیراوە».
زیاتر گوتیشی: «لەسەر ئەو دۆسێیە چەند جارێک لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی کۆبوونەوەمان کردووە، لەگەڵ سەرکونسوڵی ئێران کۆ بووینەوە و لە ئێرانیش لەگەڵ چەندین بەرپرس دانیشتووین، داوامان لێ کردوون چارەسەری ئەو دۆسێیە بکەن، چونکە ئەوانەی کاری حەواڵەی پارە لە سلێمانی دەکەن لەو پرسەدا تاوانبار نین، بەڵکوو ھەندێک خەڵکی ناو ئێران کە ساختەکارن، ئەو کارەیان کردووە“.
ئاماژەشی بە وردەکاریی بابەتەکە کرد و گوتی: «بابەتەکە بەو جۆرەی بووە کە ھەندێک لە بازرگانانی سلێمانی لە رێگەی حەواڵەوە پارەیان داوە بە بازرگانانی ئێران، بەڵام لە ئێران پارەکە دەستی بەسەردا گیراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشووتر رێککەوتن لەنێوان ئێمە و ئەواندا ھەبووە کە حەواڵەکاری لەنێوانماندا کاری پێ بکرێت“.
زیاتر قسەی کرد و گوتیشی: «خەڵکانێک ھەن لە ئێران کاری سەختەکاری دەکەن، کاتێک بازرگانێکی سلێمانی پارەی ئەو کاڵایە دەنێرێت کە دەیەوێت بیکڕێت، سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەن، بە بیانووی ئەوەی پارەیان لای بارزگانەکە ھەیە، دادگاش دەست بەسەر پارەکەدا دەگرێت“.
یاسین رەحیم ئاشکرای کرد، خەڵکێکی زۆری سلێمانی کە خەڵکی سەرمایەدار و بازرگانی ناوداریشی تێدایە، زیانیان پێ کەوتووە: «بە گشتی چەندین ملیۆن دۆلاری ئەو خەڵکە لە لایەن دادگای ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە».
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی سلێمانی ئاشکرای دەکات: «ھەندێک کەسی ساختەکار لەبەرامبەر گەڕاندنەوەی پارەکە داوای پێدانی پارە دەکەن، کە ئەوەش ساختەکاری و نایاساییە».
گوتیشی: «لەنێوان ھەرێمی کوردستان و ئێراندا بانک ھەیە، بەڵام چونکە بانکەکان رسووماتیان زۆرە، بۆیە لە رێگەی حەواڵەوە دەکرێت، کە ئەوەش شەرعیەتێکی ھەیە، بۆیە لە ئەگەری پێنەدانەوەی پارەکان بە خاوەنەکانیان و بەردەوامبوونی ئەو حاڵەتە، ناتوانین وەکوو پێویست کارە بازرگانییەکانمان لەگەڵ ئێران ئەنجام بدەین“.
باسنیوز
