بەرپرسێکی پارتی: حەشدی شەعبی لە خانەقین پیلانی دەرکردنی کورد جێبەجێ دەکات
شێرکۆ تۆفێق لەم بارەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر مەلەفی ئەمنیی شاری خانەقین درایە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ئەوان ویستیان بە ترس و تۆقاندن کۆنترۆڵی شارەکە بکەن، لە کاتێکدا ٩٢٪ی دانیشتوانی شارەکە کوردن و لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیشدا ٩٦٪ی دەنگی (بەڵێ)ی درا و سەلمانیان کە شارەکە شارێکی کوردستانییە".
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێستا بارودۆخی ئەمنیی شارەکە زۆر ئاڵۆزە و تیرۆستان دەستیان بەسەر گوندەکانی دەوروبەری خانەقیندا گرتووە و شەوانە دەچنە سەر ماڵی هاووڵاتییان کورد و بەتایبەتی چۆڵکردنی گوندە کوردنشینەکانی سنوورەکەیان لا مەبەستە، دەتوانین بڵێن ئەوەش ڕێککەوتنێکە لە نێوان حەشدی شەعبی و چەند حزبێکی تورکمانی و چەند تەیارێکی میلیشیا شیعەکان، کە لە "کەرکووک، داقووق، خورماتوو، خانەقین، قەرەتەپە و جەبارە" دروست بووە، ئەو گوندانەی کە کوردیان تێدایە، یان کورد و تورکمانی تێدایە کوردەکان چۆڵیان بکەن و لە زێدی خۆیان دەریان بکەن".
شێرکۆ تۆفێق گوتیشی: "ئەوەی بە ئاشکرا هەستی پێ دەکرێت، ئەوەیە ئەو تیرۆرستانەی کە شەڕی جەلەولا و سەعدییەیان دەکرد هەر ئەوانەن کە ئێستا دوو سرییەیان لە میلیشیاکانی حەشد وەرگرتووە و بە ناونیشانی حەشدەوە کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام دەدەن".
لەبارەی بوونی ئاسایشی یەکێتی لەناو خانەقین و سنوورەکەدا و ڕۆڵی لە پاراستنی شارەکە، شێرکۆ تۆفیق گوتیشی "ئێستا نە ئیدارە و دەسەلڵاتی پارێزگای دیالە لەگەل ئەو دەسەڵاتەی یەکێتییە نە میلیشیاکان کە هاتوونەتە ئەو ناوچەیە لەگەڵ دەسەڵاتی یەکێتیدان، ئەوان بە شێوەیەکی گشتی دەسەڵاتی کوردیان لە ناوچەکە کەم کردەوە".
باسنیوز
