"کریستیانەکان ترسیان هەیە لە عێراق هێرشیان بکرێتە سەر"
کریستیانەکان لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەن و لە دێرزەمانەوە پەیوەندیی نێوان پێکھاتەکان بە شێوەیەک تۆکمە بووە کە کێشە سیاسییەکان کاریگەری نەبووە لەسەر ساردبوونەوەی ئەو پەیوەندییە لەمێژینەیە، بەڵام دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق گرووپ و ڕێکخراوە توندڕەوەکان پێکھاتەکانی کردووەتە ئامانج و باجی زۆریان داوە.
ھەشت ڕۆژە خۆپێشاندان بەشێک لە باشووری عێراقی گرتووەتەوە و خەریکە ڕەوشەکە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت. سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری، یونادم یوسف کەنا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد: "خۆپێشاندانەکانی ھاووڵاتییانی عێراق ڕاستە پەیوەندی بە پرسی مەزھەبییەوە نییە و زیاتر لەبارەی داخوازیی ھاووڵاتییانی عێراق بەرامبەر گەندەڵی و نەھامەتییەکانی ژیانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مەترسی ھەیە بۆ سەر پێکھاتەکانی دیکەی عێراق، بەتایبەت کریستیانەکان، کە بە ھۆی کێشە و ململانێی نێوان ھێزە سیاسییەکان و ھەندێ گرووپ و تاقمی خراپکارەوە ھەوڵی نانەوەی توندوتیژی بدەن بەرامبەر بە ھاووڵاتییانی کریستیان لە ھەموو ناوچەکانی عێراق و نایشارینەوە کە بۆ ئێمە جێگەی مەترسییە."
پەیوەست بە ئاگادارکردنەوەی لایەنە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئەو مەترسییە، سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی ئاشووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "چی بکەین، ئەمە زیاتر کێشەی ناوخۆی عێراقییەکانە و ھەر داوەیەکیش بکەین ڕەنگە جێگەی خۆی نەگرێت، دەسەڵاتدارانی عێراق بەرپرسن لەو مەترسییە، تەنانەت بەرپرسن لەو خۆپێشاندانانەی ئێستا شارەکانی باشووری عێراقی گرتووەتەوە، چونکە مەعقوول نییە چلەی ھاوین بێت و میلۆنان خەڵک بێ ئاو بن."
ماوەیەک پێش ئێستا لە لایەن ھەندێ گرووپی توندڕۆی شیعەوە لە نێو شاری بەغدا ڕەشبگیرییەک بۆ سەر کریستیانەکان دەستی پێ کرد و ژمارەیەک ھاووڵاتیی سڤیل بوونە قوربانی و ژمارەیەکی دیکەش ناچار بوون ئاوارە ببن. یونادم کەنا دەڵێت: "خەڵکی خراپ و دەستی دەرەکی و تێکدەر ھەیە بۆ تێکدانی ڕەوشی عێراق و بەکارھێنانی شەپۆلی خۆپێشاندانی ھاووڵاتییانی عێراقی، ئەمە جێگەی دڵگرانییە و دەبێتە ھۆی مەترسی بۆ سەر دواڕۆژی عێراق و قووڵبونەوەی کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوخۆی عێراق."
kdp-
