"ڕاوێژکارە ئەمریکاییەکان لە شنگال کشانەوە"
سەعد حەمۆ، چالاکوانی سیاسی لە شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "تەواوی ئەو ڕاوێژکارانەی ئەمریکا کە لە شنگال بوون کشانەوە و هیچیان نەمان."
سەعد حەمۆ گوتیشی: "ئەو ڕاوێژکارانە لە ناوچەی ئوجرێس کە دەکەوێتە باشووری ناوچەی گرعزێری باشووری قەزای شنگال خۆیان جێگیر کردبوو، بە چەند هێزێکیشەوە کشانەوە." لەم بارەیەشەوە، شوکر ملحم، کە حەشدی شەعبی بە بەڕێوەبەری ناحیەی گرعزێر دایناوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "پێش چەند ڕۆژێک لیوای ٣٧ی عیراق کە پاسەوانی ئەو هێزە ئەمریکاییەی دەکرد کشانەوە، کەچی ئەمڕۆ ئەو هێزە ئەمریکاییەش کشایەوە."
شوکر ملحم گوتیشی: "تا ئێستا کەس نازانێت ئەو هێزە ڕاوێژکارییە ئەمریکاییەی هاتبوونە ناوچەی ئوم زیبان و ئوم جرێس مەبەستیان چی بوو، بەڵام چەند هەفتەیەک مانەوە و دواتر کشانەوە." هەندێک چاودێری سیاسی هەبوونی ئەو هێزە ڕاوێژکارەیان لە شنگال بۆ ئەوە دەگەڕاندوە کە جموجووڵی داعش لە سنووری سووریا و عێراق هەیە بۆ ئەوەی زانیارییان هەبێت دەربارەیان و کەمبوونی نفووزی وڵاتانی ئیقلیمی لە شنگال و ناوچەکەش."
ئێستا چەندین هێزی نایاسایی شنگال بەڕێوە دەبەن و خۆیان بەسەر شنگالدا سەپاندووە و ڕۆژانە چەندین پێشلیکاری بەرامبەر خەڵکی ئەو دەڤەرە دەکەن.
kdp-
