سیروان بارزانی: ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگە و هاوپەیمانان ئامانجی خۆی پێکاوە
سیروان بارزانی، لەبارەی ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەی نیوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزی هاوپیەمانان بە کەناڵی (کوردستان 24)ی گوت: "بەهۆی بوونی ئەو جموجۆڵانی ئەمدوایەی داعش لە دەوروبەری مەخموور و چیای قەرەچۆغ کە لە نێوان ئێمە و هێزەکانی عێراقی دان، ئێمە دوای تاوتوێیەکی زۆر لەگەڵ هاوپەیمان زانیاریمان کۆ کردەوە و لەوە تێگەیشتین کە لەو ناوچەیە لە چەند تۆنێل و ئەشکەوتێک چەکدارانی داعش هەن، بۆیە پێش ئەوەی خۆیان بەهێز بکەنەوە بڕیار درا و بە هاوبەشی هێرش کرایە سەریان".
ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو ئۆپەراسیۆنە کە پێشتر هەماهەنگیی بۆ کرابوو، هێزی هاوپەیمانان بە فڕۆکەی گەورە و ئاپاچی تێیدا بەشدار بوون و ڕاوێژکارە ئەمریکی و هاوپەیمانەکان کەلە کوردستانن، جیا لە ڕاوێژکاری، هێزی تایبەتیشیان ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشداری ئەم شەڕە بوون".
سیروان بارزانی ڕاشی گەیاند: "ئەو تیمانەی کە لەگەڵ پێشمەرگە بەشداری ئۆپەراسیۆنەکە بوون، بریتی بوون لە کەنەدی، ئەمریکی و بەلجیکی بوون و هاوکات ڕاوێژکارە فەرەنسی و ئەڵمانییەکانیش هاوکارییان کردووە".
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە لەبارەی هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان گوتی: "لەبەر ئەوەی ئێمە لەوانەوە دوورین، هەماهەنگیمان لەگەڵ ئەوان نەبووە، بەڵام ئەو ئەرکە لە ئەستۆی هێزی هاوپیەمانان بووە".
باسنيوز
